موڕشید برادۆستی – سۆران :
لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پۆستێکی دیکەی حکوومی لە دەڤەرەکە گۆڕانکاری تێدا دەکرێت و بڕیار وایە، ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەبەرێکی نوێ بەشێوەی فەرمی دەست بەکاربێت.
وەفا سەعیدخان بەڕێوەبەری کارگێڕی لە بەڕێوەبەرایەتی دابەش کردنی کارەبای سۆران، بە زاری کرمانجی راگەیاند:” ماوەی چەند ڕۆژێکە فەرمانی گۆڕانکاری لە پۆستی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیمان دەرچووە، ئەندازیار ” فەیسەڵ حوسێن بازید” بەڕێوەبەری دابەش کردنی کارەبای سۆران دەگۆڕدرێت و لە شوێنی، ئەندازیار ” ئەردەوان ئیبراهیم ” دەست بەکار دەبێت.
دووپاتی کردەوە:” بڕیاڕ وایە ئەمڕۆ، بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، بەڕێوەبەری نوێی دابەش کردنی کارەبای سۆران دەست بەکاربێت .
گووتیشی:” ئەو گۆڕانکارییە لە پۆستی بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای سۆرانە و هێشتا بەڕێوەبەری گشتی کارەبا دیاری نەکراوە، دووایی دەستهەڵگرتن، ئەندازیار فەیسەڵ حوسێن، بۆ پۆستی بەڕێوەبەری گشتی کارەبای ئیدارەی سۆران کاندیدە و لە ڕۆژانی داهاتووشدا ئەو پۆستە یەکلای دەکرێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی دەست زاری کرمانجی کەوتووه، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە پلانیدایە سەرجەم ئەو بەڕێوەبەر و بەرپرسانەی ساڵانێکی زۆرە لە قەزا و ناحیەکانی دەڤەری سۆران لە بواری حکوومی خزمەت دەکەن، بیانگۆڕێت و کەسانی دیکە لە شوێنیان دادەندرێن.