موڕشید برادۆستی – سیدەکان:
ماوەی شەش مانگە، لە لایەن کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سیدەکان لە سنووری ئیدارەی سۆران فەرمانی بەقەزا بوونی بۆ دەرچووە و گوندی بەرمیزەی دەڤەرەکەش، وەک ناحیە دیاری کراوە، بەڵام تا ئێستا بە کردەیی ناحیەکە نەکراوەتەوە و هیچ بەڕێوەبەرێکیش بۆ ئەو ناحیەیە دانەنراوە .
کارنامە و ئامانجی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، خزمەت كردنی زیاتری دانیشتووان و شۆڕ كردنەوەی دەسەڵاتی كارگێڕییەكان و نەهێشتنی ڕۆتین و ئاسانكارییە بۆ هاووڵاتییان، بەشێوەیەک تەنها لە ساڵی رابردوو سۆران و زاخۆ کراون بە ئیدارەی سەربەخۆ، هەریەك لە شارەدێی عەنكاوە و پیرمامیش لەهەولێر كران بە قەزا و لەم دوایانەشدا سیدەکان کرا قەزا و گوندی بەرمیزەش لە ناوچەکە کرایە ناحیە .
ئیحسان چەلەبی قایمقامی قەزای سیدەکان بەوەکالەت، بەزاری کرمانجی راگەیاند:” هێشتا لە رووی باڵەخانە لە ناحیەی بەرمیزەی سنوورەکەمان گرفتمان هەیە، لە قۆناغی یەکەم سەردانی مەیدانی ناحیەکەمان کردووە، تا حکوومەت باڵەخانە دروست دەکات، خانووێکمان دەستنیشان کردووە بۆ بەڕێوەبەرایەتی ناحیە و بنکەی ئاسایش و پۆلیس.
ئیحسان چەلەبی، دووپاتی کردەوە:” تا ئێستا کەس بەفەرمی وەک بەڕێوەبەری ناحیەی بەرمیزە دانەنراوە، خەڵکێکی زۆر لە هەوڵدایە بەڵام چەند مەرجێک هەیە و پێویستە لەسەرووی هەموو شتێک دەرچووی یاسا بێت، لە دووای رێکخستنی باڵەخانە و هەیکەلی ناحیە و بنکەکان، کەسێک وەک بەڕێوەبەری ناحیە دیاری دەکرێت.