نووسینی/ هێشوو دارا سەلیم
بێگومان پەرەپێدان و پێشخستنی وڵات پێویستی بە دورستكردنی ژێرخان وسەرخانێكی بەهێز هەیە، مرۆڤ وەك سامانێكی گرنگ بەشداردەبێت لەو پێشخستن و بونیادنانەدا، ئەمڕۆ سامانی مرۆیی وەك یەكەیەكی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت لە زانستی كارگێڕیدا و هەوڵ دەددرێت زرۆترین سودی لێ ببینرێت، بەشێوەیەك بتوانرێت ئەوپەڕی وەبەرهێنانی تیادا بكرێت، كە دەوترێت سامانی مرۆیی لەپێش هەموو شتێكەوە واتا سود وەرگرتن لە توانا مرۆییەكان لەگشت ڕویەكەوە بەبێ جیاوازی ڕەگەز وپسپۆڕی و لێهاتوویی، هەریەكە و لەشوێن و پێگەی خۆیدا.
ئافرەت بنەمایەكی گرنگی سامانی مرۆیی پێكدەهێنێت، بەوپێیەی ئافرەت پێكهێنەرێكی گرنگی كۆمەڵگەیە و لەئێستایشدا لەگشت بوارەكاندا دەرفەتی خۆپێگەیاندنی هەیە بۆیە توانای ئەوەی هەیە ببێتە ڕەگەزیكی سەرەكی كە بەشداربێت لە پەرەپێدان و پێشخستنی كۆمەلگادا، لە گەشەپێدانی دەزگا دەوڵەتی و دەزگاكانی تری كۆمەڵگەی مەدەنیدا، لە پاراستنی خێزان و ڕوبەرووبوونەوەی توندوتیژی و نەریتە دواكەوتووەكانی كۆمەڵگادا، لە بونیادنانی ئاشتی وئاراستەكردنی كۆمەڵگەدا بەرەو ئاشتی و سەقامگیری.
لەو كۆمەڵگەیانەی ڕۆڵ و پێگە بە ئافرەت دەدرێت و بەشداری پێ دەكرێت لەكایە جیاوازەكاندا باشتر بەرەنگاری گرفتەكان دەبنەوە وباشتر دەتوانن بەسەر كۆسپ و تەگەرەكاندا زاڵ ببن، بۆ نموونە بەشداری پێكردنی ئافرەت لە كایەی سیاسی و كارگێڕیدا دەبێتە مایەی هێنانەدی هاوسەنگی لە دەڤا و دامەزراوەكاندا و وادەكات كەمترین جیاوازی ڕەگەزی وپێشێلكاری پێتە كایەوە، ئەگەریش ڕوبدەن ئەوا بەشێوەی دادپەروەرانە چارەسەر بكرێن، هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی سود لە گشت تواناكانی كۆمەڵگە وەربگیرێت و هیچ بەشێك لە سامانی مرۆیی بەفیڕۆنەچێت لە ئەنجامی پەراوێزخستنی ئافرەتەوە.
لەو كۆمەڵگەیانەی كەمتر دەرفەت بەئافرەت دەدرێت یان هەر دەرفەتی پێ نادرێت و تواكانی نادیدە دەگیرێن، كۆمەڵگەی ناهاوسەنگ دێتە كایەوە، گەورەتین سامانی وڵات كە مرۆڤەكانیەتی بەشێكیان توانا و لێهاتووییەكانیان بەفیڕۆ دەچێت و سودیان لێ وەرناگیرێت، سیستەمە دواكەوتوو و دژە ئافرەتەكان بیانوی زۆر دێننەوە بۆ پەراوێزخستنی ئافرەت و سنوورداركردنی دەرفەتەكانی بەردەمی، كە هەمویان یەك دەرەنجامیان هەیە ئەویش دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی تاك ڕەهەند و تاك جەمسەر كە ئافرەت هیچ ڕۆڵێكی تیادا نابینێت، نەلە دروستكردن و نە لە پەرەپێدانیدا، ئەمەیش لەكۆتاییدا نایەكسانی و ستەم و چەوسانەوە بەرهەم دەهێنێت، ئەگەرچی بەڕوكەش كۆمەڵگایەكی خۆشگوزەرانیش بێت وەك ئەوەی لەوڵاتانی كەنداو هەیە.
لێرەوە دەڵێین ئافرەت خودی خۆی وەك سەرمایەیەكی مرۆیی گەورە پێویستە بەشدارێكی كارابێت لە لە گشت بوارەكاندا، هەر بۆیە نەتەوەیەكگرتووەكان ئەم بایەخەی ڕۆڵی ئافرەتی لەبەرچاوگرتووە، ئەوەتا بڕیارێكی تایبەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەیە كە بە (بڕیاری 1325) ناسراوە و گشت وڵاتانی ئەندام پابەند دەكات بۆ ئەوەی لەگشت بوارەكانی پەرەپێدانی وڵاتدا ڕۆڵ بە ئافرەتان بدەن، بەتایبەتی لەبواری بونیادنانی ئاشتی و گێڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ كۆمەڵگا نارامەكانی دوای جەنگ.