دوای سوڵتان ، ئەفشین یش ڕیکۆردی جیهانی خستە سەر ناوی خۆی
مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
سوڵتان کۆسینی تەمەن 40 ساڵ، درێژی باڵای دوو مەتر و 51 سانتیمەترە، ئەو وەک کوردێکی باکووری کوردستان توانی لە نێو جیهانی ژمارە پێوانەیییەکانی پەرتووکی گینس نازناوی درێژترین پیاوی جیهان وەربگرێت.
دوای ئەو ئەفشین ئیسماعیل قادرزادە ی تەمەن 20 ساڵ کە لە دایک و باوکێکی کوردی شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتووتە بوون، وەک کورتترین پیاوی زیندوو بە درێژی 24.65 سم ژمارەی پێوانەیی پێشوو کە ناوی ئێدوارد نینۆ هێرناندێزە خستە سەر ناوی خۆی.
ئەفشین لە گوندێکی دوورە دەستی پارێزگای بۆکان لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوای ئێران بە کێشی 700 گرام لە 13ی تەمموزی 2002 لەدایک بووە، ئەو ئێستا کێشی نزیکەی 5.6 کیلۆگرامە .
ژیانی ئەفشین لە باکووری ئێران ئاسان نەبوو، بەو پێیەی بەخت یاوەری نەبوو بۆ ئەوەی وەکوو تەواوی منداڵانی تر بچێتە قوتابخانە، بەڵام دوای فێربوونی چۆنیەتی نووسینی ناوی خۆی، ئەو ئێستا زۆر دڵخۆشە.
ئیسماعیل قادر زادە، باوکی ئەفشین لە بارەی خوێندنی کوڕەکەیەوە دەڵێت: “بەردەوامی خولی چارەسەرکردن و لاوازی جەستەیی ئەفشین، هۆکاری پشت وەستانی خوێندن و خوێندنەوە بوو، لەلایەکی تریش بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی کێشەی دەروونی نەبێتەوە بە هۆی توانج لێدان لەلایەن خەڵکەوە،”
ئەفشین بەشێک لە کاتەکانی بە مۆبایلەکەی بەسەر دەبات، دەڵێت: “تەلەفۆنەکان بە گشتی بۆ من قورسن، بەڵام من شتەکان بە باشی بەڕێوە دەبەم”.
ئەفشین زۆربەی کاتەکانی بە سەیرکردنی بەرنامە کارتۆنییەکان بەسەر دەبات، هەروەها زۆر حەزی لە سەیرکردنی بەرنامەی کارتۆنی تۆم و جێرییە. کاتەکانی بە گەڕان بە کەناڵەکانی سۆشیال میدیا بەسەر دەبات کە هاوڕێکەی یارمەتی دەدات لە کارلێک کردن لەگەڵ فۆڵۆوەرەکانی لە ئەکاونتی خۆی @mohamadghaderzadeh_official .
ئەفشین چێژ لە سەیرکردنی یارییەکانی تۆپی پێ وەردەگرێت، هەروەها ئەو کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی خۆش دەوێت، هەروەها کاپتنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران، عەلی دایی بە باشتر دەزانێت.
ئەگەرچی باڵاکەی کردوویەتی بە کەسێکی بەناوبانگی جیهانی، بەڵام ئەو خۆزگە بەوە دەخوازێت کە باڵای پیاوێکی ئاسایی بووایە تا بتوانێت ئۆتۆمبێل لێ بخوڕێت.
ئەفشین هەمیشە لە ڕووی قەبارەوە کێشەی جلوبەرگی هەیە، بۆیە بە ناچاری دەبێت جلوبەرگی منداڵێکی تەمەن سێ ساڵە قبووڵ بکات ئەگەر دیزانییەکەشی بە دڵ نەبێت،
لەگەڵ ئەوەشدا ئەفشین هەمیشە گوێی لە گۆرانی کوردی دەگرێت و حەزی لە سەماکردنە.
کورتترین پیاوی جیهان لەبارەی خەون و ئامانجی داهاتووی بەو شێوەیە قسە دەکات و دەڵێ:”خەونم ئەوەیە بتوانم یارمەتی باوکم بدەم. ئەم دانپێدانانە جیهانییە ڕەنگە هەنگاوێک بێت بۆ گەیشتن بەو خەونە.”