سالار تەحسین دری
ئێمەی ئەفسەران پێویستە لە خۆمان بپرسین، ئەفسەر کێیە و پێگەی کەسایەتی و شوناسی لە نێو کۆمەڵگە و پایە و پێگەی لە دامەزراوەکەیدا چییە؟
هەر ئەفسەرێک پێویستە تایبەتمەندی کەسایەتی خۆی هەبێت و بوونی ڕاستەقینەی خۆی لە ژیانی مەسلەکی و لە نێو جڤاکدا بسەلمێنێت، تاکوو شوناسێک بۆ خۆی دیاری بکات کە پێی بناسرێتەوە، هەر چەندە دروستکردنی شوناسی کەسی پرۆسەیەکی ئاسان نییە.
ساڵانە خشتەی ئەفسەرانی وەزارەتی ناوخۆ بەپێی دوو خشتەی کانوونی دووەم و تەممووز پلەیان بەرز دەبێتەوە، کە دەڵێم ئەفسەر (هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، ئاژانسی پاراستن، ئاسایش، دژە تیرۆر، پێشمەرگە و..تاد).
بە دیدی من ئەفسەر کارەکتەرێکی بە ڕەوشتی جڤاک، و نوخبەیەکی ئەمنی و جێبەجێکاری یاسایە، پارێزەری وڵات و توێژێکی گرنگی حکومەت و دەوڵەتن، بۆیە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی هەر ئەفسەرێک و هەڵکشانی تەمەنی، پێویستییەکی سەردەمی و هەنووکەیییە کەوا خەرمانێک لە زانست، زانیاریی مەسلەکی و مەعریفی لێکۆڵەری و ئەزموون و ڕووناکبیری، هێزی نەرمی لەسەرخۆیی و بە ئەتەکێت بوون لەگەڵ ئەو پلەیە وەک ئەزموون و شوناسی دیسیپلینی کەسێتی بەرز ببێتەوە، ناکرێت هەندێک لە ئەفسەران پلەیان بەرز ببێتەوە بۆ سەرووتر، بەڵام زانیاری گشتی و مەسلەکی، شوناسی کەسێتی خوارتر لە پلەی خۆیان بێت.
ئەفسەر لەنێو کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا داینەمۆی زانیاری مەسلەکییە، وزە و ئیرادەی دامەزراوەکەیە، ئاوێنەی حکومەت و بڕبڕەی پشتی دەوڵەتن، لە زنجیرە کتێبی نووسەری فارس مەسعوود لەعلییەدا هاتووە: چۆن ڕۆژ خۆر دروست دەکات، ڕۆژگاریش مرۆڤ دروست دەکات، مرۆڤی پڕ ئیرادە و داناش مێژوو دروست دەکات، بۆیە ئەفسەریش پێویستە ساڵ لە دوای ساڵ بە ئەزموون تر، کامڵتر و دانا تر و زیرەکتر و پڕ مەعریفە تر بێت.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلە، زانیاری گشتی مەعریفی و کەسێتی سەنگین و پڕ بەهای بەرز ببێتەوە، بۆ نوێکاری و تازەبوونەوەی دەروونی خۆی و خزمەتی کۆمەڵگەکەی، بۆ ئەوەی لەو کاتەی کەوا خانەنشین دەکرێن، یاداشتەکانی وەک ئەزموونی ئاڵتوونی بۆ کۆمەڵگە و نەوەکانی دوای خۆی بگوازرێنەوە.
بۆیە ئەفسەر کادیرێکی دیار، لێهاتوو، بە ڕەوشت، یاساناس و نوخبەی ئەمینی کۆمەڵگەن، پێویستە لە ئاست پێگە، بەرپرسیارێتی، ئەزموونی مەسلەکی، ئیداری و زانیاری مەعریفی خۆیان دابن.
بە هیوای ڕۆژ بەدوای ڕۆژ ئەزموون و ئەکادیمیای ئەفسەران و خوێندنی ماستەر و دکتۆرا بۆ بواری سەربازی و هێزەکانی ناوخۆ و پۆلیس و ..تاد بکرێنەوە و ئەفسەرانی کوردستانیش هاوشانی ئەفسەرانی جیهان بە ستاندەرێکی نێودەوڵەتی پێشکەوتوو لە بەرەوپێشچوونی بەردەوام دابن.