” سەرۆك بارزانی ئاگاداری كردنەوە كە نابێ ئەو هەوڵانە سەربگرێت كە دژی لا بردنی پرۆژە یاساكە هەن”
سەڕەرای بوونی گووشارێكی زۆر شەوی رابردوو خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە كرا و پەسند كرا، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش ئاشكرای دەكات رۆژێك پێشتر سەرۆك بارزانی چ رێنماییەكی پێداوە.
شاخەوان عەبدولڵا جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی بڵاوی كردووەتەوە” دوای بە جێگەیاندنی ئەو بەڵێنەی بەخەڵكی هەڵەبجە و كوردستانمان دابوو، لە كاتی هاتنی پرۆژەكە بۆ پەرلەمان لەم وەرزەی یاسادانانە و لە نزیكترین دانیشتنی پەرلەمان لە خشتەی كاری پەرلەمان دایبنێم، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ سەرۆك و جێگری یەكەمی پەرلەمان قسەم كرد و رەزامەندییان دا كە داخلی خشتەی دانیشتنی شەوی رابردوو بكرێت”.
زیاتر روونیكردۆتەوە ” بەڵام بەداخەوە ماوەی دوو رۆژە و بەبیانووی جۆراوجۆر، هەوڵی لابردنی ئەو بڕگەیەی تایبەت بەهەڵەبجە درا لە خشتەی كاری پەرلەمان، بەڵام رەزامەندیم پێشان نەدا، شەو جارێكی تر و لەناو پەرلەمان سەرۆكی دانیشتنەكە داوای كرد هەڵبگیرێت، دیسان ئەوەم رەت كردەوە، جارێكی تر سەرۆكی پێنج فراكسیۆنی گەورەی پەرلەمان كە هەمیشە لە كاتی یادكردنەوەی ئەو كارەساتە گوتاریان بۆ خەڵكی هەڵەبجە هەیە و هاوخەمییان بۆ دەردەبڕن، هاتن داوایان كرد ئەو بڕگەیە هەڵبگیرێت، دیسان رەتم كردەوە”.
جێگری پەرلەمانی عێراق زیاتر نووسیویەتی ” لەناو كۆبوونەوە بەنووسراوی ژمارە 46 ، واژووی 55 پەرلەمانتاریان هێنا بۆ ئەوەی بڕگەی تایبەت بەهەڵەبجە هەڵبگیرێت، بەڵام ئەوەشم رەت كردەوە، بەداخەوە كار گەیشتە ئەوەی گوشاریان لە سەرۆكی دانیشتنی پەرلەمان كرد و ناچاریان كرد دانیشتنەكە بەجێ بهێڵێت و بچێتە دەرەوە و كورسیی سەرۆكایەتی چۆڵ بكات، بەڵام بڕیارم دا بچم سەرۆكایەتی دانیشتنی پەرلەمان بكەم و شەرەفی ئەوەم بەربكەوێت ئەو بڕگە تێپەڕێنین و داوام لە لیژنەی پێوەندیدار كرد پڕۆژەكە بخوێننەوە، دیسان كۆمەڵێك پەرلەمانتار موداخەلەیان كرد بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەیە نەڕوات، بەڵام لە كۆتاییدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەكە كرا، هیوادارم بەمنزیكانە خوێندنەوەی دووەم و دەنگدان لەسەری بكرێت و كۆتایی پێ بێت، وەك وەفایەكی بچووك بەرانبەر قوربانیانی ئەو شارە”.
شاخەوان عەبدولڵا، ئاشكرای كردووە، سەرۆك بارزانی رۆژێك پێشتر و تایبەت بەو بابەتە، ئاگاداری كردینەوە كە نابێت رێ بدرێت ئەو هەوڵانەی هەیە بۆ هەڵگرتنی پڕۆژەیاساكە سەربگرێت، دەبێت خوێندنەوەی بۆ بكرێت وەك وەفایەك بەرانبەر قوربانیانی ئەو شارە. سەرۆك بارزانی رێنوێنیی لەسەر هیچ بابەتێكی تری ناو پەرلەمان نەداوە، چونكە بەلایەوە گرنگ نەبووە”.