فەخرەدین سرێشمەیی
قەوارەی هەرێمی كوردستان موقەدەس و پیرۆزە، بەرهەمی سەدەیەك دڵۆپەكانی خوێن و فرمێسك و زامی سارێژنەبووی ئەنفال و جینۆسایدی گەلێكی ستەمدیدەیە، دەبێ وەك بیلبیلەكانی چاومان بیپارێزین، بەڵام مخابن كەسانێك دەیانەوێت بە پیلان و چەواشەكاری كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم هەرێمە بكەن و، بێخەبەرن لەوەی عێراق خەریكە بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەچێت، بەجۆرێك تەنانەت خەریكە ناوماڵی شیعەی حوكمڕانیش بە تەواوی تێكدەچێت، كە لەسەر پارەو پۆست تەماح وای لەسەر داون، ئەگەر نیوەی خەڵكی خۆیان بە كوشت بدەن، پێیان ئاساییە، هۆكارەكەشی زیاتر ئەوەیە كە تاقمێكی سەر بە ئێران خەریكە خۆیان و ماڵی شیعە دەكەنە قوربانیی بەرژەوەندیەكانی ئێران، لەلایەكی دیكەوە كیشەی سوننە و شیعە هەیە، سەرباری ئەو هەموو كیشە و ململانێ نێوخۆیی و نیودەوڵەتی و ناوچەییە، شیعە خەریكە دژی دۆستەكەی دوێنێی كە كوردە زۆر هەڵەی گەورە ئەنجام دەدات… وامان دانا ئەوان ناسنامە و هەموو شتێكیان جیاوازە لەگەل ئێمە، بەڵام ئەو جاش و خۆفرۆشانەی نێوخۆمان چ سوودێكیان پێ دەگات كە دژی گەڵەكەیان پیلان بگێڕن، جا بە هەر جۆرێك بێت، داوای هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم دەكەن، نازانم چۆن شەرم لە خوێنی شەهیدان و پێشمەرگەو ئەو میللەتە بەشخوراوە ناكەنەوە؟! ئەوانە قەت ڕۆژێك لە خۆیان ناپرسن ئەگەر هەرێم هەڵوەشایەوە، خۆیان چییان بەسەر دێت، ئەوا پارە و پۆستیان پێ درا لەلایەن بەغداوە، یان ئیمتیازاتێكی كاتییان وەرگرت، بەڵام ئایا لە سزای گەل و مێژوو ناترسن؟
ئەو خۆفرۆشانە دەبێت بیر لەوە بكەنەوە، كە هەر پارەیەكی خیانەتكارییان كە وەری دەگرن، ئەوە ئێسك و پرووسكی ئەنفالكراوان و خوێنی جەستەی پاكی شەهیدەكانی كوردستانە كە دەیخۆن!
ئەوانەی داوای دووبارە ئەنفالكردنی گەلەكەیان دەكەن، دەبێت دڵنیا بن لەوەی كە ڕۆژێك دێت، عێراق دابەش دەبێت و هەرێم نەك هەڵناوەشێتەوە، بەڵكو ئەوان شاربەدەر دەبن، چونكە چاویان بە دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان هەڵنایەت و خۆشیان خۆری تەمەنیان ئاوا دەبێت، كەوایە خەونە نەزۆكەكەیان بەهەڵە تەعبیركراوە.