زاری کرمانجی :
توێژینەوە زانستییەکان هەمیشە باس لە مەترسییە تەندروستییەکانی بەپەلە نانخواردن دەکەن و هۆشداری دەدەن کە پێویستە بە هێواشی نان بخورێ و هەر نانخواردنێک بە لایەنی کەم دەبێت 20 خولەکی پێ بچێت، پزیشکی پسپۆڕی هەناو و دڵ و شەکرە، بە 5 خاڵ باس لە مەترسییەکانی بە پەلە نان خواردن دەکات.
داهات حەوێزی، پزیشکی پسپۆڕی هەناوی و دڵ و شەکرە، مەترسییەکانی لەم 5 خاڵە کۆکردوتەوە کە بریتییە لە:
1- نەخۆشی شەکرە:
بەپێی ڕاپۆرتێکی “مێدیکال دەیلی”ی بەریتانی بەپەلە نان خواردن مەترسی تووشبوون بە شەکرە زیاد دەکات، چونکە خواردن بەخێرایی هەستی تێر نەبوون بە کەسەکە دەبەخشێت و بەمەش کەسەکە خواردنی زیاتر دەخوات و هاوسەنگی ئاستی گلوکۆزی خوێن و ڕێژەی ئەنسۆلین تێک دەچێت و دەبێتە هۆی شەکرە.
2- نەخۆشییەکانی دڵ:
لە توێژینەوە زانستییەکانی زانکۆی هیرۆشیمای یابانی ئەوە دەرکەوتووە کە بەپەلە خواردن مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکان دڵ و جەڵتەی مێشک زیاد دەکات،هەروەها خواردن بەخێرایی مەترسی بەرزە فشاری خوێن و چەوری خوێن زیاد دەکات.
3- قەڵەوی:
خواردن بەخێرایی واتە خواردنی بڕێکی زۆر، چونکە گەیشتنی پەیامی تێربوون بە مێشک ۲۰ دەقەی پێویستە بۆیە هەتا خێراتر نان بخۆیت مەترسی قەڵەوی زیاتر دەبێت.
4- ترشەڵۆکی گەدە:
خواردن بەپەلە و قووتدانی پارووی نەجووراو دەبێتە هۆی دڵەکزێ و ئازاری گەدە و هەرس نەکردن و قەبزی و سک باکردن.
5- ژەهراوی بوونی خواردن:
کاتێک بەپەلە نان دەخۆیت بەتایبەتی لەفە و خواردنی فاست فوود زۆر هەست بە تامی خواردنەکە ناکەیت واتە ئەگەر خواردنەکەش تێک چووبێت زۆر هەستی پێ ناکەیت و دوور نییە تووشی ژەهراوی بوونی خواردن بیت.
ئەو پزیشکە دەڵێت” لەبەر ئەم مەترسییانە، بە هێواشی نان بخۆ و جوان پاروو بجوو و پەلە مەکە لە خواردن.