زاری كرمانجی – سۆران :
بەپێی سەرچاوە میدیاكانی ئێرانی، زیاتر لە یانزە هەزار زیارەتكاری ئێرانی كە بە مەبەستی بەشداریكردن لە چلەی ئیمام حسێن سەردانی عێراقیان كردووە، بە هۆی بەرزی پلەكانی گەرما باری تەندروستیان تێكچووە و هەروەها 48 كەسیش بە هۆی نەخۆشی و رووداوەكانی ئۆتۆمبێل گیانیان لە دەستداوە.
بە پێی قسەكانی بەرپرسی دامەزراوەی حەج و گەشتی ئێران :” تا ئێستا نزیكەی 11 هەزار زیارەتكاری ئێرانی بەهۆی بەركەوتنی زۆری تیشكی خۆر باری تەندروستیان تێكچووە، هاوكات 48 كەسیش بەهۆی رووداوی ئۆتۆمبێل و نەخۆشییەوە گیانیان لە دەست داوە”.
ساڵانە بۆ بەشداریكردن لە چلەی ئیمام حوسێن، هەزاران هاووڵاتی شیعە مەزهەبی ئێرانی، لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دەهێنە ژوورەوە و بەرەو شارەكانی نەجەف و كەربەلا دەكەونە رێ بۆ بەشداریكردنی لە مەراسیمی چلەی ئیمام حسێن.
لە رۆژی چوارشەممەی رابردوو 7ی ئەیلوولی 2022ـەوە هاتنی كاروانی زیارەتكاران لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دەستیپێكردووە و بە پێی ئاماری ئاژانسیی هەواڵی مێهر تا ئێستا زیاتر لە 50 هەزار كەس لە رێگەی دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە گەیشتوونەتە شارەكانی عێراق.