دێسكی وەرزشی زاری كرمانجی:
هەرچەندە دوو وەرزە لەسەریەك نەیتوانیوە قۆناخی كۆمەڵەكانی چامپیۆنزلیگ تێپەڕێنێت و تەنها یەك نازناو لەخەزێنەكەیەتی، بەڵام كارگێڕی یانەكە لە هەوڵدان گرێبەستەكەی درێژبكەنەوە.
راپۆرتە رۆژنامەوانییەكانی ئیسپانیا ئاماژەیان بەوەكردووە، خوان لاپۆرتا، سەرۆكی یانەی بارسێلۆنا، ئۆفەرێكی نوێی بۆ چاڤی هێرناندێز، راهێنەری تیمی یەكەمی بلاوگرانا ئامادەكردووە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی لەگەڵ یانەكە.
لاپۆرتا لەم دواییانەدا رایگەیاند، كە قسە لەگەڵ چاڤی دەكات سەبارەت بە درێژكردنەوەی گرێبەستەكەی.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی “سپۆرت”ـی كەتەلۆنی، لاپۆرتا پێشنیاری بۆ چاڤی كردووە گرێبەستی ئێستای نوێ بكاتەوە كە لە هاوینی 2024 كۆتایی دێت، بۆ ماوەی دوو وەرزی دیكە، تا مانگی حوزەیرانی 2026.
رۆژنامەكە ئەوەشی دەرخستووە، كە چاڤی سوپاسی لاپۆرتای كردووە، هەروەها پێداگری لەسەر ئەوە كردووە كە چاوەڕێی كۆتایی وەرز بكات بۆ گەرەنتیكردنی ئەنجامەكان، هەروەها خواستی خۆی بۆ پێكهێنانی تیمێكی پتر ركابەری دەربڕیوە.
سپۆڕت دەڵێت، چاڤی لیستێكی خستووەتە بەردەم لاپۆڕتا و، دەیەوێت ئینیگۆ مارتینێز و ئیلكای گۆندۆگان و بەرگریكارێكی راستی بۆ بگوازێتەوە.
ئەوەش روونبووەتەوە، كە چاڤی بۆ بەرگری راست چاوی لەهێنانی تۆماس مۆنیە بەرگریكاری برۆسیا دۆڕتمۆندی ئەڵمانییە.