راوێژکارێکی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، ھەرێم و بەغدا لەبارەی دۆسیەی نەوت گەیشتوونەتە رێککەوتن و لەچەند کاتژمێری داھاتوو نەوتی ھەرێم ھەناردە دەکرێت.
د. بێوار خنسی، راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم بۆ وزە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: “لەنێو پڕۆژە یاسای بوودجەی عێراقدا ھاتووە پێویستە عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان بکات و لەوەش ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێمە و ٧٠ دۆلار بۆھەر بەرمیلێک مەزەندەکراوە، لەوەش زیاتر ٧٥ ھەزار بەرمیلی رۆژانەی نەوتی کەرکووک بە بۆڕی ھەرێمی کوردستان ھەناردە دەکرێت”.
راوێژکارەکەی سەرۆکی حکوومەت گوتیشی: “رێککەوتنی ھەرێم و بەغدا لەسەر پرسی نەوت کراوە و نوێنەری ھەرێم لە کۆمپانیای سۆمۆ دەبێت و پۆستی جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای ناوبراو دەدرێتە کورد، هاوکات ژمارەیەک بەڕێوەبەری کوردیش لە سۆمۆ دەبن بۆ چاودێری پرۆسەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم، بڕیارە لەچەند کاتژمێری داھاتوو نەوتی ھەرێم ڕەوانەی دەرەوە بکرێت، چونکە ئەگەر نەوتی ھەرێم ڕابگیرێت عێراق ٣٧ ملیۆن دۆلار زیانی بەردەکەوێت”.
د. بێوار خنسی ڕوونیکردەوە: “فشارێکی زۆری نێودەوڵەتی ھەیە بۆ ئەوەی پەلە بکرێت لە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم، رێککەوتنی حکوومەتی ھەرێم لەسەر پرسی نەوت بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانە، ئەمە سیاسەتی سەرۆکی حکوومەتە و ئەوانەی دوێنێ ڕەشبین بوون سبەی گەشبین دەبن لەبارەی پرۆسەی نەوتەوە”.