سەردار قازی ـ زاری كرمانجی:
پێگەیەكی هەواڵی عێراقی لەزاری وەزارەتی بازرگانی عێراق رایدەگیێنێت، ئەمساڵ ئاستی بەرھەمھێنانی گەنم دەگاتە نزیكەی 4 ملیۆن تۆن بەوەش عێراق دەگاتە ئاستی خۆبژێوی، ھەر تەنێك گەنمیش بە 850 ھەزار دینار لەجووتیاران وەردەگیرێت.
محەممەد حەنون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق بە رۆژنامەی ”سەباح“ـی گوتووە، پێش دەستپێكی وەرزی وەرگرتنی گەنم لەلایەن سایلۆكانەوە، حكومەت بڕی 500 ملیار دیناری خستوەتەسەر ھەژماری بانكی وەزارەتی بازرگانی، بۆیەش لەئێستادا سایلۆكان لە سەرانسەری وڵاتدا ئامادەن بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران و، هەروەها راستەوخۆ خەرجكردنی پارەكانیان.
داتاكان دەریدەخەن ساڵی رابردوو ئاستی بەرھەمھێنانی گەنم لە عێراق وھەرێمی كوردستان گەیشتە ملیۆنێك و 200 ھەزار تەن ئەمەیش 40%ـی پێداویستی وڵات بوو بۆ گەنم، حكومەتی ناوەندی ناچاربوو بۆ دابینكردنی بەشەئاردی مانگانەی ھاووڵاتیان لە ئوسترالیا، كەنەدا و ئەمریكا گەنم ھاوردە بكات.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی زانیاری زیاتر دەدات: “بۆ ئەمساڵ پێشبینی دەكرێت ئاستی بەرھەمھێنانی گەنم بگاتە نزیكەی 4 ملیۆن تۆن، حكومەتیش بڕیاریداوە سەرجەم ئەو گەنمە بۆ ھەر تۆنێك بە 850 ھەزار دینار وەربگرێت، جگەلەوەش سەرجەم دەروازەكان بەڕووی ھێنانی گەنم دادەخرێن تاوەكو بەرھەمی نێوەخۆیی ببووژێتەوە.”

































































