زاری کرمانجی :
سەرکەوتنی تاقی کردنەوەیەک لەسەر دوو مشک، زانایانی سەرسام کرد و دەڵێن ئەو ڕێگەیە دەکرێت لە داهاتوو بۆ وەچەخستنەوەی مرۆڤیش بەکار بهێنرێت.
زانایان بۆ یەکەم جار لە مێژوودا توانیان خانەی دوو مشکی نێر بەکار بهێنن بۆ ئەوەی بێچووە مشکێکی لێ دروست بکەن،
کاتسوهیکۆ هایاشی کە سەرۆکایەتی لێکۆڵینەوە زانستییەکەی کردووە لە زانکۆی کیوشو لە ژاپۆن، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە،”ئەمە یەکەم حاڵەتە کە خانەی نێری مەمکدارەکان بەکار بهێنرێت بۆ دروستکردنی هێلکەدانێکی بەهێز.”
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە کە توێژینەوەکە پشتی بە زنجیرەیەک هەنگاوی ئاڵۆز بەستووە لە پرۆسەی دروستکردنی هێلکەدا بە گۆڕینی خانەی پێستی مشکی نێرینە کە هەڵگری تێکەڵەی کرۆمۆسۆمی XY نێرە بۆ کرۆمۆسۆمی XXی مێینە، زانایان خانەکانی پێستی نێرینەیان دووبارە پرۆگرام کردەوە بۆ دۆخێکی هاوشێوەی خانە بنەڕەتییەکان بۆ دروستکردنی خانەکانی ناسراو بە iPS. پاشان کرۆمۆسۆمی Yی ئەم خانانە سڕ دراوەتەوە و لە جێگەیان کرۆمۆسۆمی X جێگیرکراوە کە لە خانەیەکی ترەوە وەرگیراوە بۆ بەرهەمهێنانی خانەکانی iPS بە جۆرێک کە دوو کرۆمۆسۆمی Xی هاوشێوەیان هەبێت.
کاتسوهیکۆ هایاشی ئەوەش دەڵێت: “کاتێک هێلکەکان بە تۆوی ئاسایی پیتێنران، زاناکان نزیکەی 600 ئاوڵەمە (کۆرپەلە) یان دەستکەوت. ئەم ئاوڵەمانە دواتر لە هێلکەدانی مشکێکی مێینەی ئاساییدا چێنران و لە ئەنجامدا حەوت بەچکە مشک بە سەرکەوتوویی لەدایکبوون.
کۆرپەلە مشکەکان دوای بوونیان، تەندروستییان باش بوو، بە ئاسایی گەشەیان کرد و دوای پێگەیشتنیان ئەوانیش توانیان وەچەی نوێ بخەنەوە.
تیمە زانستییەکەی زانکۆی کیوشو لە ژاپۆن لە ئێستادا هەوڵ دەدەن هەمان پرۆسە لەسەر خانەکانی مرۆڤ تاقی بکەنەوە و دەڵێن ئومێد هەیە لە دەیەی داهاتوودا بتوانن بە سەرکەوتوویی پرۆسەکە تەواو بکەن.
پرۆفیسۆر جۆرج دەیلی، ڕاگری سکوڵی پزیشکی زانکۆی هارڤارد، تاقیکردنەوەکەی بە “سەرنجڕاکێش” وەسفکردووە، بەڵام دەڵێت کە لێکۆڵینەوەکانی دیکەی هاوشێوە دەیسەلمێنن کە دروستکردنی گامێت لە خانەکانی مرۆڤەوە ئەستەم ترە لە خانەکانی مشک.
سەرچاوە: فرانس پرێس، گاردیان، ئەسۆشیەیتد پرێس