شەهلا رەشید- سۆران
زۆربەی كات لە هەندێك خێزانەكاندا رۆژوو گرتن بۆ منداڵان دەكرێتە ناچاری، یاخود زۆرجاریش خودی منداڵەكە حەزوئارەزووی رۆژووگرتنی هەیە، لەم دیدارەدا چەند پرسیارێك ئاراستەی پزیشكێكی پسپۆڕی منداڵان دەكەین، كە ئایا رۆژووگرتن بۆ كام لە منداڵان زیانی هەیە.
د. محەمەد حەسەن، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” مانگی رەمەزان بەپێی ئایینی ئیسلام بۆ گەورەكانە، ئەو منداڵانەی خوار تەمەنی 15 ساڵین و نەخۆشییەكانی درێژخایەن، كورتخایەن، كەمی كێش و باڵا و گەشەیان هەبێت بەهیچ شێوەیەك نابێت بەڕۆژوو بن، هەروەها ئەو منداڵانەی هیچ نەخۆشییەكیان نییە نابێ لە خوار تەمەنی 9 ساڵی هانیان بدرێت یاخود كێشە و گرفتەكانیان بشاردرێنەوە بۆ ئەوەی بۆ منداڵەكە بسەلمێنن كە توانای رۆژووگرتنی هەیە، ئەمەش كارێكی هەڵەیە چونكە لەرووی تەندروستییەوە بەهیچ شێوەیەك نابێ رۆژوو بگرن، چونكە ئەو تەمەنە هەستیارە و كاتی گەشەی منداڵەكەیە، هەر بۆیەش پێویستە بەشێوەیەكی هاوسەنگ و تەندروست ژیانی منداڵەكە رێكبخرێت.
ئەم پزیشكە زیاتر گووتیشی” ئەو منداڵانەی لە تەمەنی 9 بۆ 13 ساڵین ئەگەر توانای باشیان هەبێت و بەرگری لەشیان بەهێز بێت و خۆڕاگر بن دەتوانن بەڕۆژوو بن بەڵام بەو مەرجەی لە ماڵەوە پەستانی لەسەر نەبێت و ئەگەر بچووكترین كێشەی بۆ دروست بوو ئەوا نابێ رۆژوو بگرێت، لەسەرووی 13 ساڵ هیچ كێشەیەكیان نەبێ بە تەواوی دەتوانن بەڕۆژوو بن، بەڵام ئەگەر كێشەیان هەبوو لە باڵا تایبەت كچ نابێ بەڕۆژوو بن.