صلاح الدین باقی حسین/ماموستای زانکۆ
زانکۆی سۆران/بەشی مێژوو
پسپۆری/میژووی کۆن/میژووی ولآتی دوو رووبار
پێشەکی:
ئابوری، هەمیشە یەکێک بووە لە فاکتەرە هەرە کاریگەرەکانی بزوێنەری مێژوو، بەدرێژایی ژیانی مرۆڤ. چونکە سەرچاوەی ژین و پێشکەوتنی ژیانی بووە، هەر بۆیە تێبینی دەکرێت مرۆڤ لە چاخە بەردینیەکان و بەتایبەتیش لە چاخی بەردینی نوێ(٨٠٠٠-٥٠٠٠ پ.ز) خوداوەندی دایکی پەرستووە، کە هێما بووە بۆ پیتی و بەرەکەتی وەچە نانەوە و زۆربوونی بەرووبوومی کشتوکاڵی، شایانی ئاماژە پێدانە مرۆڤ لە چاخی بەردینی نوێدا کشتوکاڵی دۆزیەوەتەوە، بۆچوون وایە ئافرەت بەڕێکەوت کشتوکاڵی دۆزی بێتەوە. هەر لەبەر ئەمەش کۆمەڵگای ئەوکات ئافرەت سالاری (دایک سالاری) بووە. لێرەدا گرنگی لایەنی ئابوری و کشتوکاڵ بەتایبەتی بەدیار دەکەوێت.
وڵاتی دوو ڕووبار، یەکێکە لە شارستانیەتە هەرە دێرینەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، خاوەن شارستانیەتێکی مەزن بووە، چەندین جەژن و بۆنە و ئاهەنگ گێڕان لەم شارستانیەتەدا بوونیان هەبووە، بەڵام گرنگترینیان بریتی بووە لە جەژنی ئەکیتو، کە لەلایەن سومەریەکانەوە لە ناوەڕاستی هەزارەی سییەمی پێش زاییندا ئەنجامدراوە.
ئەکیتو چی دەگەیەنێت:
تاکو ئێستا بەتەواوی نازانرێت واتا وشە ئەکیتو چیە؟ بۆچوون وایە سومەری یاخود ئەکەدی بێت، بەڵام بۆچوونی فلنکشتاین وایە زیاتر سومەری بێت. کە بەواتای نزیک بوونەوەی باران دێت. هەروەکو ئاشکرایە مانگی نیسان مانگی گۆڕانی کەش و هەوایە بەرەو مامناوەندی.
وشەی جەژن لە زمانی سومەریدا پێی دەوترێت (EZEN)، زمانی ئەکەدیش هەر لە زمانی سومەری وەرگرتووە، کە پێی دەڵین(Isinnu). وشە سومەریەکە زۆر لە وشەی جەژنی کوردیەوە نزیکە.
پێشینەی مێژوویی جەژنی ئەکیتو:
دواتر هەر ئەم جەژنە، دوای داگیرکاری ئەکەدیەکان و نەمانی سومەریەکان لەسەر دەستەڵات، ئەم جەژنەیان ئەنجامداوە. پاشان یەک بەدوای یەک هەریەکە لە ئەموریەکان(بابلیەکان) و کاشیەکان ئەم جەژنەیان ئەنجامداوە. هەرچی ئاشوریەکان هەتاوەکو داگیرکردنی بابل لەلایەن توکولتی نینورتا (١٢٤٤-١٢٠٨ پ.ز) لە ١٢٠٠ پ.ز، هیچ ئاماژەیەک نابینرێت کە لە ئاشور ئەم جەژنە ئەنجام درابێت، چونکە لەو داگیرکاریەدا پەیکەری خوداوەندی مەردۆخ بەتاڵان لەلایەن توکولتی نینورتاوە دەهێنرێتە ئاشور، ئیتر لەو مێژووە بەدواوە ئەم جەژنە لەژێر کاریگەری بابلیەکان لە ئاشور ئەنجام دەدرێت. تاکو سەدەی دووەمی پێش زایین ئەنجامدانی جەژنی ئەکیتو بەردەوامی هەبووە.
ئامانج لە ئەنجامدانی جەژنی ئەکیتو:
ئامانجی سەرەکی لە ئەنجامدانی جەژنی ئەکیتو پەیوەندی بە گۆڕانی کەش و هەواو بارینی باران و دوورینەوەی دانەوێلە(جۆ)ەوە هەبووە. کاتی ئەنجامدانی بریتی بووە لە بەهار و پایز لای سومەریەکان، کە بەپێی مانگی(قەمەری) سومەریەکان لە ١ ی نیسان (Nissanu) ئەنجامدراوە بۆ ماوەی دوانزدە ڕۆژ، مانگی قەمەری هەر سێ ساڵ جارێک مانگیکی تری ئازار یان(ئازارێکی تر) بۆ زیاد دەکرد. هەروەها ژمارە دوانزدە ژمارەیەکی گرنگ و پیرۆز بووە، چونکە بەپێی سیستەمی شەستی لە زانستی بیرکاری بابلیەکان ئەو ژمارەیە گرنگ و بنەڕەتیە.
جگە لەمە خەڵکی ولاتی دوو رووبار لایان وابووە سوڕی کەش و هەوا هەر دوانزدە جارێک خۆی نوێ دەکاتەوە، ئەم ماوەیە یان ناوناوە(EZEN)، کە بەواتای خۆشی دێت. بۆ هەر چوار وەرزی ساڵ کۆمەڵێک خوداوەندیان دیاری کردووە، کە ئەمانەن:
وەرزی بەهار ئینلیل، مەردۆخ، ئاشور (خوداوەندی گەل و دروست کردنی خەلق و جیهان و وڵات)
وەرزی هاوین نینورتا (خوداوەندی بای باشور و کەناڵی ئاوی و بەنداو و ئاودێری)
وەرزی پایز نابو (خوداوەندی نوسین و دانایی)
وەرزی زستان ئیشیرگال، نیرگال (خوداوەندی مردن و جیهانی خواروو)
ئەنجامدانی جەژنی ئەکیتو:
بۆ ئەنجامدانی ئەم جەژنە دەبووایە چەندین ئامادەکاری بکرێت، لەوانە پێویست بوو پەیکەری خوداوەندەکان وخوداوەندی سەرەکی بەشدار بێت تیایدا، هەروەها پاشا وپیاوانی ئاینی بەتایبەتی کاهینی باڵا (Shanga machu) وبەشداری ڕێڕەوەکە بکەن، ڕێڕەوەکە لە نزیک پەرستگای شارەوە بەکەشتی لە ڕووبارەوە بەرەو ماڵی ئەکیتو (bit akitu)، ماڵی جەژن دەچێت، کە دەکەوێتە نزیک ڕووبار. ئەمەش پەیوەندی بەدوو هۆکارەوە هەبوو، یەکەمیان گەیشتنی پەیکەری خوداوەند وخەڵکی شارەکانی تر بە کەشتی وبەلەم، چونکە ئەوکات ڕووبارەکانی وڵاتی دوو رووبار، بەتایبەتیش ڕووباری فوڕات شیاو بوون بۆ بەکارهێنانی هاتووچۆی ئاوی. دووەمیان بەهۆی ئەنجامدانی قوربانی بۆ خوداوەندەکان وخوداوەندی سەرەکی، چونکە پێویستیان بە ئاو دەبوو بۆ پێشکەش کردنی قوربانی. هەرچی خەڵکی چینی گشتی بوو، ئەوا بۆیان نەبوو بەشداری ڕێڕەوەکە بکەن، بەڵکو تەنها سەیریان دەکرد، تەنها هەوڵی ئەوەیان دەدا دەست لە پەیکەری خوداوەندەکان بدەن، بەمەبەستی بەدەستهێنانی بەرەکەت.
هاوسەرگیری پیرۆز:
یەکێکی تر لە کار و کەشەکانی ئەو بۆنەیە بریتی بوو لە ئەنجامدانی هاوسەرگیری پیرۆز، کە بۆ مەبەستی پیتی و بەرەکەتی و وەچەنانەوە ئەنجام دەدرا. کە تیایدا کاهینی باڵای پیاو(Shangu machu) و كاهینی باڵای ئافرەت(Entum-Nin-Dingir) بەشێوەی کرداری کاری هاوسەرگیریان ئەنجام دەدا. هەندێک جاریش پاشا ڕۆڵی کاهینی باڵای پیاوی بینیوە.
ئەم جۆرە هاوسەرگیریە قەدەغەبوو منداڵی لێ بکەویتەوە، چونکە باوەڕیان وابوو ئەو منداڵەی لەدایک دەبێت لە ڕەگ و خوێنی خوداوەندە و دەبێتە مەترسی لەسەر دەستەڵات. نمونەی ئەم جۆرە هاوسەرگیریانە بوونی هەبووە، وەکو چۆن شاروکین(سەرگۆنی ئەکەدی-٢٣٧١-٢٣١٦ پ.ز؟) لە نوسینی ئەفسانەکەیدا دەڵیت من باوکم دیارنیە و دایکم کاهین بووە، کە چیرۆکە کە لێکچوونی زۆری تیادا بەدی دەکرێت لەگەڵ چیرۆکی حەزرەتی موسی(ع.س). جگە لە شاروکین نمونەی دیکەمان هەن، کە لێرەدا جێگای باس نین، دەکرێت لە باسێکی تایبەتدا ئاماژەی پێ بدەین.
لەلایەکی تریشەوە کاهینی باڵای ئافرەت(Entum) لە خەڵکی خاوەن دەستەڵات و بنەماڵەی پاشاکان دادەنران، بۆ نموونە پاشای کلدانی نابونائید(٥٥٨-٥٣٨ پ.ز) کچی خۆی بردۆتە پەرستگا بۆ ئەم پۆستە، نمونەی تریش بوونیان هەیە. جێگای ئاماژە بۆ کردنە سومەری وبابلیەکان لە زۆر ڕووەوە پێشکەوتوو بوونە، بەڵگەی ئەوە هەیە لەڕووی پزیشکیەوە جۆرە کرێمێکیان یاخود مەرهەمیکیان بەرهەم هێناوە، کە بۆتە هۆکاری داخستنی دەمی ڕەحمی ئافرەت لە کاتی ئەنجامدانی کاری سێکسیدا، کە دەکرێت لە کاتی ئەنجامدانی هاوسەرگیری پیرۆزیشدا سوودی لێ وەرگیرابێت.
لە کۆتاییدا دەکرێت بگوترێت جەژنی ئەکیتو پێشینەیەکی مێژوویی دووری هەیە، کە دەگەڕیتەوە چاخی بەردینی نوێ، بە پلەی یەکەم پەیوەندی بە رزگاربوون لە کەش وهەوای ساردی زستان ونوێ بوونەوەی زەویەوە هەیە، ئەمە هەمووی بەیەکەوە کاریگەری لەسەر فاکتەری ئابوری دەبێت، کە ئەوکات شادەمارەکەی کشتوکاڵ بووە.
سومەریەکان یەکەم گەلن ئەم جەژنەیان ئەنجامداوە، دوا بەدوای ئەوان، چەندین گەلە دیکەی وڵاتی دوو رووبار وەکو ئەکەدی وبابلی و کاشی و ئاشوری و کلدانی و سریانی…هتد بەردەوام بوونە لە ئەنجامدانی. گومان لەوە دانیە کە چەندین بۆنەی نزیک لە ئەکیتو لە شارستانیەکانی تری گەلانی خۆرهەڵاتی نزیکی کۆن و تەنانەت ئەوڕوپا و ئاسیای ناوەڕاست بەدی دەکرێت، لەوانە کورد و فارس و گریک و ڕۆمان و کازاخستان…هتد، یەکێک لەو نمونانە بریتیە بوونی جەژنی شموی میسری، کە ناوێکی نوێی لە ئێستادا بۆ بەکاردێت بریتیە لە نەورۆزی نوێی قیبتی. ئەم جەژنە بەواتای جەژنی ژیانەوە دێت، مێژووەکەی بۆ کۆتاییەکانی بنەماڵەی سێیەمی فەرمانڕەوای میسر (٢٦٠٠ پ.ز) دەگەڕێتەوە. پەیوەندی بە هەردوو خوداوەندی میسری (ئۆزیرس وئیزیس) هاوژینیەوە هەیە.
لە ئەنجامدا شارستانیەتەکان کاریگەری بیری زۆریان لەسەر یەکتری داناوە، لەڕێگای داگیرکاری و پەیوەندی بازرگانی و ئەنجامدانی هاوپەیمانی…هتد. بۆیە هاوشێوەی ئەمە، کەم تا زۆر گەلانی ناوچەکە کەوتوونەتە ژێر کاریگەری جەژنی ئەکیتوی سومەری، بەڵام ئەمە ڕەنگە پێویستی لیکۆڵینەوەیەکی ورد هەبێت بۆ سەلماندنی.
لیستی سەرچاوەکان:
١-النعیمی، راجحە خذر عباس(٢٠١١)، اڵاعیاد فی حضارە بلاد وادی الرافدین، دار الصفحات، دمشق.
٢-أحمد، كوزاد محمد(١٩٩٣)، توكلتی ننورتا منجزاته فی ضوو الكتابات المسماریە المنشورە و غیر المنشورە، جامعە بغداد.
٣-اڵاسود، حكمت بشیر (٢٠١٩)، الحب و الغزل و الجنس فی حضارە بلاد الرافدین، دار قندیل، بغداد.
٤-اڵامین، محمود حسین (٢٠١٨)، اکیتو أو أعیاد الرأس السنە البابلیە وعقید الخلود و البعث بعد الموت، دار اشوربانببال، الطبعە اڵاولی، بغداد.
٥-الماجدی خزعل (٢٠٢٢)، عید أكیتو: من الجذور السومریە الی اڵافاق العالمیە
٦-الهاشمین رضا الجواد، النطام الكهنوتی فی العراق القدیم، مجلە أداب، جامعە بغداد.
٧-القطان، شعیب فراس إبراهیم(٢٠١٨)، مسائل ریاضیە فی ضوو النصوص المسماریە منشورە و غیر منشورە، رسالە ماجستیر منشورە، كلیە أداب جامعە بغداد.