سەردار قازی ـ سۆران:
زانکۆی سۆران لەراگەیاندراوێکدا رایدەگەیێنێت، کە کارئاسانی بۆ قوتابیانی بەشە نێوەخۆییەکان دەکەن.
لە پەڕەی فەرمی خۆیاندا نووسیویانە، زانکۆی سۆران بە هاوبەشیی لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بە سپۆنسەریی کۆمپانیای ”کاڤین گرووپ“ ژەمی بەربانگ بۆ سەرجەم قوتابیانی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی سۆران دابین دەکەن.
روونیشیدەکەنەوە، ئەم دابینکردنە لە رۆژی یەکشەممەوە، کە دەکاتە 2ـی نیسان و، بەرامبەرە بە 11ـی رەمەزان، دەست پێدەکات. هەڵمەتەکە بە بۆنەی مانگی پیرۆزی رەمەزانەوەیە و تا کۆتایی مانگەکە واتە 21 ـی نیسان بەردەوامی دەبێت.
راگەیاندنی زانکۆی سۆران ئەوەش دەڵێت، کە ئەمە جگە لە رۆژانی هەینی و شەممە، سەرجەم رۆژەکانی بەردەوام دەبێت. مەبەست لە دابینکردنی ئەم ژەمە خۆراکە یارمەتیدانی قوتابیانی بەشە نێوەخۆییەکانە کە لەم مانگە پیرۆزەدا سەرەڕای بەڕۆژووبوون سەرقاڵی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی نیوەی وەرزن.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، “رۆژی یەکەمی هەڵمەتەکە لە ناو کەمپەسی زانکۆ بەڕێوەدەچێت و رۆژانی دواتر ژەمە خواردنی ئامادە بە سەر بەشە نێوەخۆییەکاندا دابەش دەکرێت.