وەرزش – زاری کرمانجی:
شەوی ڕابردوو لە میانەی بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی یاریی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ، بایرن میونشن لەنێو ئالیانز ئارێنا پێشوازی لە بارسێلۆنا کرد و یارییەکەی 2-0 لێ بردەوە. ئەوەی بووە جێگەی تێ ڕامان لێدوانێکی سەرۆکی یانەکە ئەڵمانییەکە بوو لەسەر لیڤاندۆڤسکی ئەستێرەی پێشووی بایرن.
ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، یەکەمین یاریی لەنێو ئالیانز ئارێنا دژی بایرن میونشن ئەنجامدا، چەند جارێک نزیک بوو تۆڕی گۆڵی یانە کۆنەکەی بهەژێنێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
دوای یاریی هێربێرت هاینەر، سەرۆکی بایرن میونشن بە لێدوانێک سەرنجی میدیاکانی بەرەو لای خۆی کێش کرد. کاتێک پرسیاری ئەوە ئاراستەی هاینەر کرا، کە بۆچی هەلێکی ئاسانی لە یارییەکە لەدەستدا. هاینەر، لە وەڵامدا بە پێکەنینەوە گوتی” چونکە لیڤا هێشتا دڵی لای بایرن ە بۆیە دڵی نەهات گۆڵ لە یانە کۆنەکەی بکات.”