د.پشتیوان سرێشمەیی، بەڕێوەبەری ئەوقافی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
زەكات و سەرفترە یەكێكن لە بنەما هەرە گرنگەكانی ئابووری ئیسلامی، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا وەكو پێویست نەمان توانیووە سوودی لێوەرگرین بۆ دەرچوواندنی خەڵكی خۆمان لە هەژاری و نەداری.
ئەگەر بەنموونە ئاماری دانیشتووانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران وەرگرین زیاتر لە (٣٢٦٠٠٠) سێ سەدو بیست و شەش هەزار كەسە، هەریەكەی دەبێت ٣٥٠٠ دیناری سەرفترە بدات.
كەواتە (٣٢٦٠٠٠ ✖️ ٣٥٠٠ = ١.١٤١.٠٠٠.٠٠٠) یەك ملیار و سەدوچل ویەك هەزار دینار دەكات.
ئەوە بەس سەرفترە جگە لە زەكاتی پارەو پوڵ و زێر، جگە لەو هەموو دووكانانەی كە لە شاری سۆران و رواندز و چۆمان و مێرگەسۆر و سیدەكان و ناحیەكان و گوندەكان هەیە كە پارەی (عروچ التجارە) بازرگانی پێ دەگوترێت ساڵانە لە بازاڕەكان زەكات دەردەكرێت، هەروەها زەكاتی خاوەن ئاژەل و مەڕو ماڵات و دانەوێڵەی جووتیارەكان.
ئەگەر بەشێوەیەكی ڕێك و پێك ئەو هەموو زەكات و سەرفترەو فیدیەیە كۆبكرێتەوە لە صندوقی دامەزراوەی زەكات دەبێت بڕەكە بگاتە چەند ملیار.
بەپێی ئەم سیستەمەی سەرەوە كە باسمان كرد خواپێداوەكان لە دوو هەژار و نەدار ناگەڕێن بەڵكو ئەوان زەكات و سەرفترەی خۆیان داخلی ئەم صندوقە دەكەن.
لیژنەیەك لە مامۆستایانی ئایینی شەرع زان و كەسانی تری شارەزاو ئەمین سەرپەرشتی ئەم صندوقە بكەن.
كارەكەیان چۆن دەبێت ناوی هەموو ئەوانەی زەكاتیان پێ دەشێت لە رێی مامۆستایانی ئایینی یان مختارەكان وەردەگرن و بە دادپەروەرانە نەك بەیەكسانی بەسەریان دابەش دەكرێت، بۆیە دەلێم بەیەكسانی نا چونكە ئەگەر هەژار تا هەژار جیاوازی هەیە لە قورئانیش باسی هەژار و مسكین كراوە.
هەژار ئەگەر مانگانە پێویستی بە ٥٠٠ هەزار دینار بێت لە نیوەی كەمتری بەدەست بكەوێت بۆ نمونە هەر ١٥٠ هەزار دیناری پێ پەیدا ببێت.
بەڵام مسكین ئەوەیە لە نیوەی زیاتری بەدەست بكەوێت بۆ نموونە ئەو مانگانە ئەگەر پێویستی بە ٥٠٠ هەزار دینار بێت تەنها ٣٠٠ هەزار دیناری پێ پەیدا ببێت، جگە لەوەش هەژار هەیە دوو منداڵی هەیە، هەژارێكی تر پێنج منداڵی هەیە، لەبەر ئەوەیە دەبێت ڕەچاوی دادپەروەری بكرێت.
بەڵام بەداخەوە وەكو باسم كرد لەبەر ئەوەی هەریەكەو بەخۆی زەكات و سەرفترە ئەدات نەمان توانیووە دەردی هەژارێك دەرمان بكەین و لە هەژاری رزگاری بكەین، چەندین ساڵە لە شارەكەت و گەڕەكەكەت و گوندەكەت ئەوەی هەژارە هەر هەژارە لە هەژاریمان ڕزگار نەكردووە، لەبەرئەوەی نازانین دابەشی بكەین، دڵنیام ئەگەر كار لەسەر دروستكردنی دامەزراوەیەكی زەكات و سەرفترە بكرێت لە ئاییندەدا ڕێژەی هەژاری زۆر كەم دەبێت و ساڵانە بەدەیان هەژاری وڵاتەكەمان دەردیان دەرمان دەبێت.