موڕشید برادۆستی – سیدەکان:
مامۆستایەکی قوتابخانەی بەربزین لە سەنتەری قەزای سیدەکان، بەمەبەستی بایەخدان بە خوێندنەوە و بەرز کردنەوەی ئاستی زانستی قوتابییان، لە نێو قوتابخانەکەی هەڵساوە بە دانان و کردنەوەی کتێبخانەیەک.
مامۆستا ئوسامە مەغدید، سەرپەرشتیاری کێتبخانەکە، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” بە هاوکاری دەستەی کارگێڕی قوتابخانەی بەربزینی بنەڕەتی، هەڵساین دروستکردن و کردنەوەی کتێبخانەیەکی پەروەردەیی، ئامانجیشمان پێگەیاندنی نەوەیەکی خوێنەر و ڕۆشنبیر و ئاشانکردنی قوتابییانە بە کتێب.
ئەوەشی خستەڕوو:” بابەتەکانی کتێبخانەکەمان، زیاتر بواری پەروەردەی لەخۆ دەگرێت، لە هەمان کاتیش بوارەکانی گەشەپێدان و زمانەوانی و چیرۆک و هۆنراوەی تێدایە، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ناونیشانی زۆر و کتێبی گرنگی تێدابێت.
مامۆستا ئوسامە، ناشی شارێتەوە، یەکەمینجارە لە قوتابخانە بنەڕەتییەکان کتێبخانە بکرێتەوە، دەشڵێت:” مەبەستمە خوێندنەوە ببێتە کلتوور و لە پاڵ خوێندنی وانەکانی قوتابخانە، گرنگیش بە بوارە جیاوازەکانی خوێندنەوە بدەن تا ئاستی ڕۆشنبیری و زانستی قوتابییان بەرەوپێشبچێت”.