دیدار-محەمەد هەسنانی
بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی حزبی شیوعی كوردستان، لە دیدارێكی زاری كرمانجی، تیشكدەخاتەسەر كارو چالاكییەكانیان و بەرنامەو پڕۆژەی داهاتوویان، دەشڵێت: ” هیچ بوددجەیەك لە حكوومەت و هیچ كەسێك وەرناگرین، بەڵكوو ئەوەی هەمانە داهاتەكانی ناوخۆیی و هاوكاری لاینگرانمان لە ناوخۆ و دەروەو كۆمەڵێك پڕۆژەی وەبەرهێنانە.
ئیبڕاهیم بابان، بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی حزبی شیوعی كوردستان، بە زاری كرمانجی راگەیاند: ” پرسی بە مەڵبەندبوونی سۆرانی حزبی شیوعی كوردستان، پێشوتر ورژێندرا بوو، دواتر لێرەوە پڕۆژەیەك پێشكەشكرا بۆ كۆنگرەی حەوتی حیزب، بەمەش كۆمیتەی ناوەندی راسپێردرا كە ئیش لەسەر كردنەوەی ئەو مەڵبەندە بكەن، لە هەمانكاتیشدا بە ئیدارەبوونی سۆران هۆكارێكی دیكە بوو، بۆ كردنەوەی مەڵبەندەكەمان دواجار لە 18ی3ی2023 بە شێوەیەكی فەرمی بە بەشداری لایەنە پەیوەندیدارەكان و حیزب و لایەنە سیاسیەكانی ئیدارەی سۆران و نوێنەرانمان مەڵبەندەكەمان راگەیاند و پێشوازی گەرمی لێكرا، هەروەك پەیوەندی باشیشمان هەیە لەگەڵ حزب و لایەنەكانی دەڤەرەكە”.
گووتیشی ” مەبەست لە راگەیاندنی مەڵبەندەكەمان زیاتر گرنگی دانمانە بە حزب و ئەندام و لایەنگرەكانمان و پێشكەش كردنی خزمەت بە كۆمەڵگە بە گشتی لەناوچەكە، هەروەك ئێمە وەك حیزبی شیوعی كوردستان مێژوێكی دێرینمان هەیە لە دەڤەرەكە، لە رووی پێگەی جەماوەری هەروەها رێژەیەكی زۆری شەهیدمان هەیە لە ناوچەكەو پێشمەرگەی دێرینی دیارمان هەبووەو كۆمەڵێك خانەوادەی دێرێنی شیوعیمان هەیە، كە تائێستا لەسەر رێبازی حزبەكەیان ماونەتەوە، بەتایبەتیش لە سنووری قەزاكانی رواندز و باڵەكایەتی و بەگشتی ئێمە نامۆنین وەك حزبی شیوعی كوردستان لەدەڤەرەكە”.
بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی حزبی شیوعی كوردستان، ئاشكراشی دەكات: ” جگەلەوەی بارەگای سەرەكی مەڵبەندەكەمان و كۆمیتەیەكمان لە سەنتەری قەزای ناوەندی سۆرانە، كۆمێتەیەكی دیكەشمان لە قەزای رواندزە، بیریشمان لەوە كردووەتەوە كۆمیتەی دیكە لە شارو شارۆچكەكان بكەینەوە، بەتایبەتیش لە قەزای چۆمان كە رێكخستنی حیزب و ئەندام و لاینگرمان لەوێ هەیە، هەروەها كۆمیتەی ئافرەتانیش بكەینەوەو كار لەسەر ئەوە دەكەین رێكخستنەكانمان زیاتر فرەوان بكەین”.
ئیبڕاهیم بابان، بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی حزبی شیوعی كوردستان، دەشڵێت: ” جگەلە بەرپرس ستافێكمان هەیە لە كارگێڕو ئەندامانی مەڵبەند، هەروەها بەپێی یاسایی ئەحزاب لە حكوومەتی عێڕاقی 25% ئافرەت لە رێی كۆتاوە بەشدار دەبێت، بەپێی ئەوەی كە ستافەكەمان نۆ كەسیە دوو ئەفرەت لەناو ستافی مەڵبەندەكەمان هەیە، كە بریتین لە خۆم (ئیبراهیم بابان. وەك بەرپرسی مەڵبەند، نەجات ئەسعەد جێگری مەڵبەند، زاهیر ئیبڕاهیم كارگێڕی مەڵبەند، ئاسۆس ساڵح ئەندامی مەڵبەند، رزگار ئەحمەد ئەندامی مەڵبەند و بەرپرسی كۆمیتەی رواندز، هەژار ئیبراهیم ئەندامی مەڵبەند و بەرپرسی كۆمیتەی سۆران، كوردستان ئەسعەد ئەندامی مەڵبەند، شاناز جەمیل ئەندامی مەڵبەند، شێخە جەرجیس ئەندامی مەڵبەند، واتە ئەوانە وەك بەرپرس و كارگێڕو ستافی مەڵبەندی سۆران حزبی شیوعی كوردستان دەست بەكاربووینە”.
لەوڵامی ئەو پرسیارەی ئایا پێشبینی دەكەن بە راگەیاندنی مەڵبەند رێژەی ئاندامانیان زیاتر بێت.؟ بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی حزبی شیوعی كوردستان، دەڵێت: ” پرسی بوژانەوە یان بەجەماوەری بوونی حزب، پەیوەندی بەوەنییە ئایا ئێستا لەگەڵ رابردوو چۆنە، بەڵكوو بە هەل و مەرجەوە هەیە، بۆ نموونە كە پێشوتر ئێرە كۆمیتەی محەلی بووە، حزب دەستكراوەتر بوو، لەبەر ئەوەی بودجەی تایبەتی بەخۆیەوە هەبوو لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دابەشی دەكرد بەسەر كۆمێتەوەو ئۆرگانەكان، بەمەش دەتوانرا زیاتر كاری حیزبی بكرێت، بەڵام دوای ئەوەی بودجەی حزبەكان راگیرا، ئەو داهاتەی كە خۆمان هەمانە تەنها بەشی هەندێ كاری ناوخۆیمان دەكات، لەرووی چالاكی حزبی و رێكخراوەیی، بەڵام واتای ئەوەش نییە كە هیچ هەنگاوێك ناهاوێژین، بەڵكوو بەدڵنیاییەوە ئێمە حزبێكین هەم سیاسین هەم ئایدۆلۆژین، كە زۆربەی بیرۆكەكان لە سێكتەرەكاندا بیری چەپە كە حزبی شیوعی خاوەنداریەتی دەكات”.
ئەوەش دەخاتەڕوو، هەنگاوەكانی ئێمە بۆ ئیش كردن بۆ ئەوەنییە لەسەر حیسابی، ئەوەبێت ئایا ئێمە چەند پارەمان لەدەستەو چەند كەس لە رێگەی پارەوە دێنینە رێزی حزبەكەمان، بەڵكو ئێمەستافێكین لە بیری ئایدەڵۆژیاوە كاردەكەین، ئەگەر ئێمە پارە دابەش بكەین بەدەیان گەنج هەیە بە بێكاری دەسوڕێتەوەو دەتوانین بیانهێنینە رێزی حزبەكەمان، بەڵام دروشم و پەیامی ئێمە ئایدەلۆژیایەو فكرەو تێگەیشتنە نەك دەسكەوتی مادی و بەرژەوەندی، دەمانەوێت زۆرترین جەماوەر دۆستایەتیمان بكات بۆ ئەوەی ئایدەلۆژیاو فكرەمان بخوێنێتەوەو بزانێت ئایا ئامانجی سەرەكی ئێمە چییە لە سیاسەت كردن، لەهەمانكاتیشدا گەشبینین بە راگەیاندنی مەڵبەندەكەمان ئەندام و لایەنگری زیاتر بەدەست بهێنین و دەست كراوەتر بین”.
ئیبڕاهیم بابان، ئاشكراشی دەكات: ” لە ئێستادا ئێمە هیچ بوددجەیەك لە حكوومەت و هیچ كەسێك وەرناگرن، بەڵكوو ئەو داهاتەی هەیانە بۆ بەڕێوەبردن و چالاكی سیاسی حزب بریتییە لە داهاتەكانی ناوخۆیان هەروەها هاوكاری لاینگرانمان لە ناوخۆ و دەروەو كۆمەڵێك پڕۆژەی وەبرهێنانی بچوك بچوكیش هەیە، حزب توانیویتی لەسەر پێی خۆی بوەستێت و درێژە بەكاری سیاسی بدات، بەمەش كە حزبی شیوعی راگەیاندنێكی بەهێزی نییە یان نەیتوانیووە وەك پێویست هاوكاری ئەندام و لاینگرانی بكات، هەمووی پەیوەندی بە دۆخی خراپی دارییەوەیە، هەرچەندە وەك حزب دەمانتوانی پارە لە درەوە یان لایەنێكی ناوخۆیی وەربگرین، تەنانەت ئۆڤەری گەورەش پێشكەش بە حزب كرا لەم رووەوە، بەڵام هەمووی رەتكردەوە بۆ ئەوەی نەكەوینە هەڵەی سیاسییەوە”.
بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی حزبی شیوعی كوردستان، ئاماژەی بەوەشدا: ” پێشتر رادیۆیی ئازادی تایبەت بە حزبەكەمان لە شاری سۆران هەبوو، بەهۆی چەند هۆكارێك راگیراوە، بەڵام دوای راگەیاندنی مەڵبەندەكەمان لە بیرۆكەماندا هەیە دووبارە جارێكی دیكە پەخشەكەی دەست پێبكەینەوە، چونكە هەم كارەكانمان فراوانتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا كادری زیرەك و لێهاتووی راگەیاندنمان هەیەو، زۆربەی پێداویستییەكانی رادیۆكەشمان تا ئێستا ماون، بەهیواین بتوانین لەداهاتوودا كاری لەسەر بكەین و دەست بكرێتەوە بە پەخشی رادیۆی ئازادی زمانحالی حزبی شیوعی لە ئیدارەی سۆران”.
لەدوا قسەكانیدا ئیبڕاهیم بابان، نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت، لە شێوازی هەڵبژاردن بەشێوەی چوار بازنەیی و پێی وایە لەبەرژەوەندی گشتی نەتەوەیی دانییە، چونكە كوردستان هەمووی بەیەك بازنەیی جوانە، لە هەمانكاتیشدا هەندێ حزب و پێكهاتەكان تیادا زەرەرمەندی یەكەم دەبن، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵبژاردن زۆر بە گرنگ دەزانین و بەهیواین لەكاتی دیاریكراو ئەنجام بدرێت و بەشێوەیەكی سەركەوتووانە بەڕێوەبچێت.