“ئەو هەوڵە دوژمنكارانە، وەكوو تەواوی هەوڵەكانی تر نەزۆك دەبێت”
“حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهێز دەبێت، بەڵام هەرگیز ناكەوێت”
مەهدی محەممەد – سۆران :
هەر كاتێك پێگەی كورد و كوردستان بەهێز بووبێت، لەلایەن دوژمنان و ناحەزانەوە كراوەتە ئامانج و بە جۆرەها شێوە دژایەتی كراوە، هەرێمی كوردستان وەك تاقە قەوارەی ئومێد بەخشی كوردان لە هەر چوار بەشی نیشتمان، زۆرترین جار كراوەتە ئامانج و هەوڵ بۆ لە نێو بردن و سڕینەوەی دراوە، وەلێ هەمیشە دوای هەر هەوڵدانێكی لەم شێوەیە، كورد و كوردستان و هەرێمە سەربەخۆیەكەشی بە ڕۆحی خۆ نەچەماندن پارێزگاری لە بوون و مافەكانی كردووە و بە ئیرادە و هێزێكی زۆرەوە بەسەر تەواوی تەگەرەكانی بەردەمی سەركەوتوو بووە.
لە ئێستادا دووبارە هەرێمی كوردستان كەوتووەتە بەر شاڵاوێكی تری سڕینەوە و دژایەتیكردن و لە زۆر ڕووە هەنگاو بۆ گۆشەگیركردنی نراوە، لە بەرامبەر ئەوەدا هاووڵاتییان داواكارن بە ڕۆح و سیاسەتی (خۆ نەچەماندن) ڕووبەڕووی ئەو بارودۆخە ببنەوە و پێیان وایە ئەو هەوڵە دوژمنكارانەی ئێستا دەنرێن وەكوو تەواوی هەوڵەكانی ڕابردوو نەزۆك دەردەچن.
سۆران شێرزاد مامۆستا و چالاكوانی مەدەنی لەمبارەیەوە دەڵێ: “ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لێدانە لە ئابووری و شوناس و نەتەوە و پیرۆزییەكانی كورد و كیانە تاقانەكەی كوردستان، بۆیە لە سۆنگەی باوەڕ بوون بە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، پێویستیمان بە گیانی خۆ نەچەماندن و یەكگرتوویی كوردان هەیە لە چوارچێوەی پەیمانێكی پیرۆز و بە یەك دەست و یەك ئامانج و یەك هێز ڕووبەڕووی ئەو هەوڵە نەزۆكانە ببینەوە.”
حەسەن مەحموود پێی وایە حكومەتی هەرێمی كوردستان باجی مرۆڤدۆستی خۆی دەدات، بە تایبەت دوای بوومەلەرزەكەی باكووری كوردستان و توركیا، بەر لە هەر وڵاتێكی تری دونیا، بە هانای لێقەوماوانی بوومەلەرزەكەوە چوو، وەكوو دەوڵەتێك دەركەوت : “هەمیشە كورد باجی مرۆڤدۆستی و سادەیی خۆی دەدات، حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك دەوڵەتێك دەركەوت لە بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی بوومەلەرزەكەی توركیا، ئەمە نیگەرانی بەشێك لە سیاسییەكانی توركیای لێكەوتەوە و لە هەمان كات پاڵپشتییەكی زۆری لێكرا لەلایەن هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە و هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان بەرز نرخاند، بۆیە هەر ئەو كات بە برادەرەكانم گوت ناحەزان و دوژمنانی كورد ئەو دەركەوتنەی كوردیان پێ قبووڵ ناكرێت و هەر زوو دەكەونە ئامادەكاری بۆ لێدان لەو هەرێمەی كە بووەتە ئومێد و فریادڕەسەی تەواوی كوردان، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت من وای دەبینم هۆكارەكەی ئەوە بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كورد و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەبێت، بەڵام هەرگیز ناكەوێت، ئەم ئامانجەش وەكوو دەیان ئامانجی تریان دەخرێتە ژێر گڵ.”
سەردار موسا باس لەوە دەكات هەر حكومەتێك لەلایەن گەلەكەیەوە خاوەنداریەتی لێ بكرێت هەرگیز ناكەوێت، بۆیە بە پێكەنینەوە دەڵێ:”ئەو جۆرە سیناریۆیانەی دەرهەق بە هەرێمی كوردستان نمایش دەكرێن، وەك فیلمی هیندی وایە،” سەردار ئەوەش دەڵێ: “چەندە كەموكوڕی هەبێت لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ناكاتە ئەوەی پشتی لێ بكەین و خاوەنداریەتی لێ نەكەین، بە پێچەوانەوە هەر وەكوو چۆن ئەو قەوارە سەربەخۆی یە بە گیان و خوێنی زۆر هاتووەتە بەرهەم، بە هەمان شێوە پارێزگاری لێ دەكەین، بۆیە ئەوانەی چاوەڕێ كەوتنی حكومەتی هەرێم و لەناوچوونی ئەو قەوارە سەربەخۆیە دان، با سەری خۆیان لە كێوەكانی كوردستان بدەن، لەوانەیە كەوتن و دۆڕانی خۆیان ببینن، بەڵام هەرگیز كەوتنی هەرێمی كوردستان نابینن.”
هاوكار حەمەدەمین نیگەرانە بەرامبەر ئەو حیزبانەی كە پاشگری كوردستانیان هەڵگرتووە و چوونەتە بەرەی دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان و دڵخۆشن بەو بارودۆخەی بەرۆكی حكومەت و قەوارە سەربەخۆیییەكەی هەرێمی كوردستانی گرتووە، ئەو دەڵێ: “هەندێك حیزبی خۆ فرۆش كە پاشگری كوردستانی بوونیان هەڵگرتووە، چوونەتە بەرەی نەیاران و لە دڵەوە خۆزگە بە كەوتن و لەنێو چوونی هەرێمی كوردستان و حكومەتەكەی دەخوازن، سەیرم بەو جۆرە حزبانە دەهێت كە بە خۆیان دەڵێن حزبی كوردی، كەچی بەو شێوەیە هەڵسوكەوت دەكەن، من دڵنیام ڕۆژێك دەهێت شەرمەزاری خەڵكی خۆیان دەبن و مێژوو بە خراپی باسیان دەكات.”