محەمەد هەسنانی-سۆران:
لەم وەرزەی ئێستادا جۆرەها گیایی بەهاری پێگەیشتوون و رۆژانە دەهێنرانە بازاڕەكانی ئیدارەی سۆران، بەمەش هەلی كار بۆ سەدان كاسبكار رەخساوەو لەو رێگەیەوە بڕەپارەیەكی رۆژانە بەدەست دەهێنن، هەروەك سەرچاوە پزیشكییەكانیش باسی لێوە دەكەن گیایی بەهاری سوودی زۆری هەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ.
لەگەڵ ئەوەشدا عەلی عەبدوڵڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی كاروباری مینی هەولێر، رێنمایی دەداتە هاووڵاتییان لەكاتی چوونیان بۆ ناوچە شاخاوییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەمەبەستی گەشت یان هێنانی گژو گیا بەهارییەكان، لەم شوێن و ناوچانە نزیك نەكەونەوە كاتی خۆی رەبایەو سەربازگەی رژێم بوونە و مەترسی مین و تەقەمەنیان لێ دەكرێت، كە سەرەڕای بڵاوكردنەوەی پەیامی هۆشیاری، بەداخەوە ساڵانە هەندێ كەس روو لەم شوێنانە دەكەن و دەبنە شەهید و قوربانی”.
رزگار حاجی، كاسبكارێكی سنووری ئیدارەی سۆران، دوكانی فرۆشتنی سەوزەو گیایی بەهاری هەیە، بە زاری كرمانجی راگەیاند: ” لە كۆتاییەكانی وەرزی زستان و لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار جۆرەها گژو گیایی بەهاری لە ناوچە شاخەوییەكانی ئیدارەی سۆران دەڕوێن، ئەوەش دەرفەتێكی باشە بۆ هاووڵاتییان و كاسبكاران كە رۆژانە رووبكەنە ئەم ناوچانە بۆ هێنانی ئەو گیا بەهاریانە، لەو رێگەیەوەش چەندین كەس لێی سوودمەند دەبێت و بڕە پەرایەكی رۆژانە بەدەست دەهێنن، بۆ نموونە ئەو كەسانەی كە دەچن گیا بەهارییەكان كۆدەكەنەوە، برە پارەیەك بەدەست دەهێنن، ئەم شۆفێرانەش كە گیا بەهارییەكانیان بۆ دەگوازنەوە بە هەمان شێوە كرێیەك وەردەگرن، دواتر دەهێنرێنە بازاڕ و لای ئێمە و بە نرخێك لێان دەكڕین و برە قازانجێكی دەخەینەسەر بە موشتەری و هاووڵاتییان دەیان فرۆشینەوە، بەمەش سەدان كاسبكار لەو رێگەیەوە لێی سوودمەند دەبێت و داهاتێك بۆخۆیان دەستەبەر دەكەن”.
گووتیشی: ” گیا بەهارییەكان جۆراو جۆرن، بۆ نموونە (كەنگر، ئەسترێلك، گۆرمزە، لوش، سۆریاز، ئەندرێشە، كوزەڵە، ڕێواس، كاردی) لەگەڵ چەندین جۆری دیكە، نرخەكەشیان جیاوازی هەیە لەنێوان هەزار دینار بۆ پێنج هەزار دینارە، لە هەمووشیان گرانتر نرخی كوارگە، بەتایبەتیش جۆرە كوارگێگ هەیە لە ناوچە شاخاوییەكان دەردەكەوێت، نرخی كێلۆیەكی لە سەرووی 20 هەزار دینارییە، بە شێوەیەكی گشتی ئەو گیا بەهارییانە بازاڕ دەبوژێنەوە.
رەمەزان حەسەن، گەنجێكی دیكەی كاسبكاری ئیدارەی سۆران، وەك خۆی دەڵێت: ” ساڵانە لە كۆتا مانگەكانی وەرزی زستان و هاتنی وەرزی بەهار لەگەڵ دەركەوتنی گیا بەهارییەكان هاوشێوەی دەیان و سەدان كاسبكاری دیكە، روو لە ناوچە شاخاوییەكانی سنوورەكە دەكات، بەمەبەستی كۆكردنەوەی گژو گیا بەهارییەكان و فرۆشتنەوەیان لە بازاڕدا، بەزاری كرمانجی گووت: ” جگەلەوەی دەتوانین لە رێگەی كۆكردنەوەو هێنانی گیا بەهارییەكان برە پارەیەكی رۆژانە بەدەست بهێنین، لە هەمانكاتیشدا مرۆڤ لەناو سروشتی جوانی دەڤەرەكە هەست بەخۆی و ئارامێكی زۆر دەكات و زیاتر ئاشنای چیاو دۆڵ و كانیا و و دیمەنی جوان و نەوازەی دەڤەرەكە دەبێت”.
ئەو كاسبكارە دەشڵێت: ” بەپێی ئەوەی لە سەردەمی بەعس ناوچە شاخاوییەكانی ئیدارەی سۆران مۆڵگەو سەربازگە بوونە، سەرەڕای ئەوەی چەندین رێكخراوی ناوخۆیی و بیانی تایبەت بە لەناو بردنی مین و تەقەمەنییەكان كاری پاكسازیان لە ناوچەكە كردووە، كەچی زۆرجار لەكاتی باران بارین و رووچونی زەوی مین و تەقەمەنی بەدیار دەكەون، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان هۆشیاربن، ئێمە بەپێی ئەوەی كە ساڵانێكە روو لەو ناوچانە دەكەین، تا رادەەیەك ئاشنایەتیمان پەیدا كردووە، كە خۆمان لەو جۆرە شوێنانە بپارێزین كە جیگەی مەترسین، بەڵام لەوانەیە بۆ كەسێكی ناشارەزا جێگەی مەترسی بێت، بۆیە ئەركە لەكاتی چونیان بۆ گەشت و كۆكردنەوەی گیا بەهارییەكان هۆشیاربن و پرس بە كەسانی شارەزای ناوچەكە بكەن”.
وەك سەرچاوە پزیشكییەكانیش ئاماژەی بۆدەكەن: ” گژو گیایی بەهاری سوودێكی زۆری تەندروستیی هەیە، دەوڵەمەندە بە چەند جۆرە ڤیتامینێك و سوود لە گەڵاكەی و گوڵەكەشی وەردەگیرێت، هەروەها تۆڵەكە دژی هەوكردنە و هەوكردنی سنگ لەناو دەبات و یارمەتی هەرسكردن دەدات و ڕیخۆڵەكان چالاك دەكات لەگەڵ چەندین سوودی دیكە”.