مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
چاودێرێکی سیاسی پێی وایە ئەو ڕەوشەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دروست بووە تەنیا یارییەکی سیاسییە و بە زوویی کۆتایی دەهێت، ئەوەش دەڵێ کە عێراق ناتوانێت نەوتی هەرێمی کوردستان ڕابگرێت، چونکە ئەو کات ناچار دەبێت بودجەی تەواوی هەرێمی کوردستان دابین بکات.
د. مەهدی ستوونی مامۆستا زانکۆ و چاودێری سیاسی لەبارەی دواین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و بڕیارەکەی دادگای پاریس، قسە بۆ زاری کرمانجی دەکات و دەڵێ:”ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت بە تایبەت دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس جێگەی داخە، هۆکارەکەی نەبوونی پشتگیری نێودەوڵەتییە وەک پێویست بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها هۆکارێک گەلێکی ترن هەن کە واییان کردووە ئەو ڕەوشە دروست ببێت بۆ نموونە دواخستنی هەڵبژاردن و یەک نەگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و هتد… کە ئەمانە بوونەتە هۆکارێک بۆ نیگەرانبوونی دۆستانمان، بۆیە پێویستە هەڵبژاردن لە کات و ساتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بە زوویی یەکلا بکرێتەوە،”
د. مەهدی داواکاریشە هەتا زووە کێشە ناوخۆیییەکان چارەسەر بکرێن، بە تایبەت لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی و دەڵێ”یەکێتی وەکوو ئەوەی لێهاتووە کە دەڵێ ئەگەر یاری نەکەم ئەوە یارییەکە تێک دەدەم، بۆیە نزیکبوونەوەی لە بەغدا و دروستکردنی پاڵەپەستۆ لەسەر حکومەتی هەرێم، بەوەی ئەگەر داواکارییەکانی بۆ جێ بەجی نەکرێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەغدا کێشەکانی یەکلا دە کاتەوە، هەموو ئەمانە وای کردووە قەوارەی هەرێمی کوردستان بەرەو لاوازی بچێت و مەترسی لەسەر دروست ببێت.”
لەسەر ئەو حیزب و لایەنە کوردییانەی دڵخۆشن بە کەوتنی هەرێمی کوردستان و لە نێو چوونی قەوارە تاقانەکەی کوردان، د. مەهدی دەڵێ:”ئەو حیزبە کوردییانەی دڵخۆشن بەو ڕەوشەی ئێستا دروست بووە و چاوەڕێ کەوتنی هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی دەکەن، خەیاڵیان خاوە چونکە پارتی هەرگیز کوردستان و دەسەڵات و ئابوورییەکەی ڕادەستی عێراق ناکات، چونکە هەموو ئەوانەی ئێستا قسەی لەسەر دەکرێت پێشتر ڕێکەوتنی لەسەر کراوە، لەگەڵ پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز و بودجەی 2023 ئەوە بە تەواوی کێشەکان چارەسەر دەکات،”
ئەو چاودێریی سیاسییە باس لەوەش دەکات کە نە عێراق و نە تورکیا ناتوانن تا سەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕابگرن دەڵێ:”ڕۆژانە 75 تا 80 هەزار بەرمیل نەوتی عێراق لە ڕێگەی کەرکووک و بۆرییەکانی هەرێم هەناردە دەکرێت، مانگانە عێراق بە نەناردنی ئەو بڕە نەوتە 180 ملیۆن دۆلار زیانی بەر دەکەوێت، لەلایەکی تریشەوە ئێستا نیو ملیۆن بەرمیل نەوت لە جیهان کەم بووەتەوە، بۆیە ئەو ڕەوشە ناخوازێت کێشەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت و نە ئابووری عێراقیش ئەوەندە باشە گوێی بە زیانەکانی خۆی نەدات، بۆیە من لەوە باوەڕە دام ئەو ڕەوشە کاتییە و بە زوویی کۆتایی دەهێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر حکومەتی عێراق سەرکەوتوو بێت لە ڕاگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەوە دەبێت بودجەی هەرێمی کوردستان بە تەواوی بدات کە ئەمەش بارگرانی زیاتر بۆ عێراق دروست دەکات “.