موڕشید برادۆستی – سۆران:
لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان، نرخی بەشێك لە خواردن و كەل و پەلەكان بەرزبوونەتەوە، ئەمەش بۆتە كلتوورێك و ساڵانە لەم مانگەدا بەهۆكاری جیاواز نرخی شتوومەك لە بازاڕدا بەرز دەبێتەوە، لیژنەی ئابووریش دەڵیت:” سزای توندی سەرپێچیكاران دەدەین.
جومعە هەركی ئەندامی لیژنەی ئابووری سۆران، بە زاری كرمانجی گووت:” وەك لیژنەی ئابووری بەردەوام چاودێری بازاڕ دەكەین و بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەین نرخی شتوومەك لە نرخی ئاسای خۆی بفرۆشرێت، هەر كاسبكار و دوكاندارێك بازاڕیش قۆرغ بكات یا گران فرۆشی بكات، بە دڵنیاییەوە رووبەڕووی سزای توندیان دەكەین.
بە گووتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووری سۆران، بەهۆی خواست لە سەر هەندێ شیرینەمەنی و خۆراك بە بەراورد بە پێش مانگی رەمەزان بەرز بوونەتەوە، بەڵام تەنها سۆران نییە و گشتیە .
لە بارەی بەرز بوونەوەی نرخی گۆشتیش، دەڵێت:” یەكێك لە هۆكار سەرەكییەكانی نرخی گۆشت، هەبوونی خواستی زۆرە لە سەر كڕینی، هەروەها بەرزی نرخی دۆلار و گرانی ئالیكی ئاژەڵ، لە ئێستادا نرخی گۆشتی نەرمە 14 هەزار دینارە، رەنگە لە شوێنێك بۆ شوێنێكیش جیاوازی لە نرخ هەبێت، بۆیە بڕیار دراوە لە سەر ئەم پرسە لیژنەیەك دابمەزرێت تایبەت بێت بە گۆشت و رۆژانە نرخی دیاری دەكرێت، دەبێت هەموو گۆشتفرۆشانی سۆرانیش پابەندبن و چیتر نرخی گۆشت جیاوازی نابێت و بەهەڕەمەكی بفرۆشرێت”.