محەممەد مەحموود – زاری کرمانجی:
لە ئێستادا نرخی مریشکی زیندوو لەبازاڕ بەرزبۆتەوە بۆ زیاتر لە ٤ هەزار دینار، سەرچاوەیەکیش لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سۆران هۆکاری کارنەکردنی کێڵگەکانی پەلەوەر بۆ زاری کرمانجی ئاشکرا دەکات”.
ئیدریس باپشتی، بەرپرسی بەشی سامانی ئاژەڵ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشوکاڵی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند” لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەهەر پێنج قەزاوە 159پڕۆژەی پەلەوەریمان هەیە، تەنها لەقەزای ناوەندی سۆران 13پڕۆژەی پەلەوەری مۆڵەتی کارکرنیان هەیەو 3پڕۆژەش بێ مۆڵەتن”.
ئیدریس باپشتی هۆکاری کارنەکردنی کێڵگەکانی پەلەوەری بۆزاری کرمانجی ئاشکرا کردوو گووتی ” سێ هۆکاری سەرەکی وایان کردووە خاوەنی کێڵگەکان کارەکانیان رابگرن لەوانەش : گرانی ئالیک، دەرمان ، گاز، بەرزی نرخی ئەمانە هۆکاری سەرەکییە بۆئەوەی کێڵگەکانی پەلەوەری کارنەکەن، چونکە خاوەنی کێڵگەکان دەڵێن لەبری قازانج زیانمان زیاترە بۆیە مریشک بەرهەم ناهێنین”.
بەڕێوەبەری بەشی سامانی ئاژەڵی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سۆران گووتیشی” ئێمە وەک وەزارەتی کشتوکاڵ ناتوانین هاوکاری کێڵگەکانی پەلەوەربکەین “.
ئیدریس باپشتی، باسی لەوەشکرد، لەسنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەک پڕۆژەی بەرهەم هێنانی هێلکە هەیە لە سنووری مێرگەسۆر، ئەو پڕۆژەیە توانانی هەیە لەماوەی ساڵێکدا ٤٠ ملیۆن هێلکە بەرهەم بێنێت و بیخاتە بازاڕەوە، جگەلەوەش پڕۆژەیەکی نوێ کاری بۆدەکرێت لە سنووری ناحیەی خەلیفان ئەویش تایبەتە بە بەرهەم هێنانی هێلکە.