مەنسور سبحی-زاری كرمانجی:
یەكەم جارە لە سنووری باڵەكیان قوتابخانەیەكی ئێواران دەكرێتەوەو بەرێوەبەری قوتابخانەكەش دەڵێ” بە هەوڵ و كۆششی خەڵكی ناوچەكە ئەو قوتابخانەیە كرایەوە”.
هاوار ڕەشاد بەڕێوەبەری دواناوەندی بنەوانی ئێوارانی كوڕان لە بارەی كردنەوەی قوتابخانەكەیان بە زاری كرمانجی گووت:” داواكارییەكی زۆری هاووڵاتیان هەبوو بۆ كردنەوەی خوێندنی ئێواران لە ناوچەكە بە تایبەت ئەو قوتابیانەی كە بە مەبەستی خوێندنی ئێواران روو لە قوتابخانەكانی سەنتەری سۆران دەكەن، بۆیە داواكارییەكانمان گەیاندە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سۆران و لەوێشەوە لە 6 ئەیلوولی 2022 داواكارییەكە بەرزكرایەوە بۆ بەرێوەبەرایەتی گشتی، دوای ئەوە بڕیار لە سەر كردنەوەی دواناوەندی بنەوانی ئێوارانی كوڕان درا”.
هاوار ئەوەش دەڵێ:”دەڤەری باڵەكیان لە ژمارەیەك گوند پێكهاتووە، بەهۆی بەرفراوانی ناوچەكە و بوونی زیاتر لە 100 قوتابی كە ساڵانە بۆ خوێندنی ئێواران دەچنە سەنتەری ئیدارەی سۆران و دووری رێگاو ئاستەنگەكانی هاتووچۆ لە وەرزی زستان، ئەمانە هۆكارگەڵێك بوون كە خوێندنی ئێواران بۆ ناوچەكە پێویست بوو”.
قوتابخانەی دواناوەندی مەجیداوی تێكەڵاو، دەست نیشانكراوە بۆ خوێندنی ئێواران، هەروەكو بەڕێوەبەری دواناوەندی بنەوانی ئێوارانی كوڕان باسی دەكات:” دوای تەواوكردنی رێكارەكان، قوتابیان دەتوانن خۆیان ناونووس بكەن لە پاشان دەست دەكرێت بە خوێندنی ساڵی 2022 ـ 2023 لە دواناوەندی بنەوانی ئێوارانی كوڕان” .