زاری كرمانجی-سۆران:
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی9ی2022 ساڵێك تێپەڕدەبێت بەسەر راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هاووڵاتییانی دەڤەرەكەش پێیانوایە لەماوەی دەستبەكاربوونی كاریگەری زۆری هەبووە، لە رووی پێشكەشكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و سێكتەرە جیاوازەكاندا.
مەغدید عەریف ئەحمەد قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران، بە زاری كرمانجی گووت ” ساڵێك لەمەوبەر بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رێورەسمی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە شاری سۆران بەڕێوەچوو، لە لایەن سەرۆكی حكوومەت هەڵگورد شێخ نەجیب، وەك سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دیاریكرا، ئەوەش هەنگاوێكی گرنگ و پێویست بوو بۆ زیاتر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە دانیشتووانی سنووری شارو شارۆچكەكانی دەڤەرەكە”.
گووتیشی، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە دوو لایەنی گرنگ خۆی دەبینێتەوە، یەكەم لە رووی كارگێڕی و نەهێشتنی رۆتینیات، كە راستەوخۆ دەستەڵاتی بەڕێوەبەرایەتییەكان فراوان بكرێت و لە بری سەنتەری پارێزگا ئیش و كارەكان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆیان رایی بكرێن، دووەم: لە رووی پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری راستەوخۆ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بوددجە بۆ پڕۆژەكان تەرخان بكرێت، ئەمەش هۆكارێك بووە كە پڕۆژەی زۆری خزمەتگوزاری لە بوارە جیا جیاكاندا لە سەنتەری شارو شارۆچكەو گوندەكان جێبەجێ بكرێن، هەروەها زیاتریش گەشبینین و ئاسۆیەكی رۆنترمان لە بەردەم دایە”.