زاری كرمانجی- سۆران:
مەسرور بارزانی سهرۆكی حکوومەتی ههرێمی كوردستان نامهیهكی له ئانالێنا بێربۆك وهزیری دهرهوهی ئهڵمانیاوه پێگهیشت، لە نامەکەدا وهزیری دهرهوهی ئهڵمانیا، سوپاسی سەرۆکی حکوومەت دەکات بۆ پێشوازی گەرم و دۆستانەی لە کاتی سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان له ڕۆژانی 7 ـ 10ی ئادار، هەروەها جهخت له بهردهوامیی پشتیوانیی ئەڵمانیا بۆ ههرێمی كوردستان دهكاتهوه.
وهزیری دهرهوهی ئهڵمانیا لە نامەکەیدا هەروەها دەڵێت: خۆشحاڵ بووم لە بەڕێزتانم بیست کە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی مافەکانی ژنان و میدیاکاران، جێگەی بایەخی تایبەتی حكوومەتەکەتانە، هەروەها پیشوازیی گەرم لەوە دەکەم کە دەتانەوێت چالاکانە ڕووبەڕووی کاریگەرییەکانی قەیرانی کەشوهەوا ببنەوە، هەموو ئەمانە پێشمەرجی ئەوەن خەڵک لە نیشتمانی خۆیان ئاسۆی ئایندەیی ببینن.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا نووسیویەتی: سوپاستان دەکەم بۆ ئەوەی کە هەرێمەکەتان لە ساڵی 2014ـەوە زۆرترین ئاوارەی ناوخۆیی لە سەرتاسەری عێڕاقەوە گرتوونەتە خۆی و تا ئێستاش دەیانپاریزێت، ئێزیدی، مەسیحی و خەڵکی سەر بە کەمینەکانی دیکەش پێویستیان بە ئاسۆگەلێکی ئایندەیی هەیە کە لە ژیانی نێو کەمپەکان زیاتر بێت و ئاسایشێکی جڤاتی و کۆمەڵایەتییان پێ ببەخشیت، دەمەوێت هانتان بدەم، لەم بارەیەوە هەم لە هەرێمەکەتان و هەم لە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لە کارکردن لەسەر ئەمە بەردەوام بن.
لە کۆتایی نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیادا هاتووە: هیواخوازم کە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، دوای پێکهێنانی سەرکەوتووانەی حکوومەت لە بەغدا، لەسەر بناغەیەکی نوێ و جێی متمانە بنیات بنرێن، بۆ ئەوەی سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی عێڕاق و هەرێم بە باشترین شێوە بۆ خۆشگوزەرانیی خەڵکەکەی بەکاربهێنرێن.