محەممەد مەحموود- سۆران :
تا ئێستا تەواوی بریکارەکانی خۆراک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەشە ئاردی مانگی ٣ یان بەدەست نەگەیشتووە، کۆمپیانیای خۆراکی سۆرانیش لەرێگەی زاری کرمانجییەوە هۆکارەکەی دەخاتەڕوو.
میکائیل مەجید، بەرپرسی بەشی دابەشکردنی ئارد لە کۆمپانیای خۆراکی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند: هۆکاری دواکەوتنی ئارد بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە جگە لەگەنمی ناوخۆی کوردستان، بەغدا بە چوار قۆناغ گەنم دەنێرێت بۆ ئاشەکانی کوردستان، ئەمەش وادەکات کەوا دابەشکردنی ئارد بەسەر بریکارەکانی خۆراک دوابکەوێت و بۆ هەمووان لەیەک کات دابەشنەکرێت”.
میکائیل مەجید، گوتیشی: سبە و دووسبەی ئاردەکە بەتەواوی دەگات و دابەشدەکرێت، جۆری ئاردەکەش باشەو تا ئێستا خەڵک گلەیی لێ نەکردووە، پێش ئەوەی ئارد دابەشبکرێت، ئێمە لیژنەمان هەیە و دەچێتە ئاشەکان و دەکرێتە هەویر بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە لەوەی ئاخۆ ئەو ئاردە دەبێتە نان یان نا”.
میکائیل مەجید، گلەیی لە هەندێك لە بریکارەکانی ئارد هەبووە کە هەندێك جار بە خەڵک دەڵێن ئاردەکە باش نییە بۆ ئەوی خۆیان بیکڕنەوە و بەنرخێکی گرانتر بیفرۆشنەوە.
































































