زاری كرمانجی – سۆران:
عوسمان قادر، بەرپرسی پەیوەندیەكانی لقی 10ی پارتی لە سۆران، بۆ زاری كرمانجی گوتی: بەداخەوە هەندێك لایەنی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بەردەوام دژی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان دەوەستنەوە، لە ماوەكانی رابردوو زۆر هەوڵیاندا ناوبانگی هەرێمی كوردستان ناشیرین بكەن، بەڵام هیچیان پێ نەكرا، بەڵكو كوردستان ڕۆژبەڕۆژ پێش دەكەوێت و پارتی بەردەوام كار بۆ كوردستانێكی بەهێز و سەربەخۆ دەكات.
بەرپرسی پەیوەندیەكانی لقی 10ی پارتی لە سۆران، دەشڵێ: ئێستا پەیوەندیەكانی هەولێر و بەغدا زۆر باشە و سەرۆك وەزیرانی عێراق نیەتی چارەسەركردنی كێشەكانی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هەندێك لایەن چ لەناوخۆی كوردستان، چ لە عێراق، كار دەكەن بۆ ئەوەی نەوتی كوردستان لەدەست حكوومەتی هەرێم دەربێنن، بەتایبەتی لایەنە كوردستانییەكان كە لە داهاتی ئەو نەوتە مووچەكانیان دەدرێت و خۆیان پێ بەهێز دەكەن.
عوسمان قادر، ئاشكراشی كرد: ئەگەر لایەنە كوردستانییەكان ناڕازین لە ئیدارەدانی هەرێمی كوردستان، ئەوە هەڵبژاردن لە پێشە و با فەرموون بزانین چیان پێ دەكرێت، بەڵام زۆرجار گوتومە كێشەی كورد، زیاتر كوردە، دەبینین ئێستا چەند دڵخۆش بوونە بە راگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستان، نازانن ئەگەر نەوت نەما، ڕەوشیان چەند خراپە، خراپتر دەبێت، بەڵام خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەمەوە ئەو لایەنانە هیچیان پێ ناكرێت و كوردستان لەسایەی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێم بەسەر كێشەكان سەردەكەوێت و رەوشی خەڵك رۆژبەڕۆژ خۆشتر دەبێت.