تانیا سۆفی _ زاری كرمانجی:
دەركەوتنی هونەرمەند شوان عەتووف، لە زنجیرە درامای “بەغداد ئەلجەدیدە”، دەنگدانەوەی لەنێو بینەران هەبوو، بە تایبەت دوای دەركەوتنی لەگەڵ كۆمەڵێكی بەتوانا لە نەوەی دووهەمی خێزانی هونەری عێراق، دیارترینیان باسم ئەلقەهار.
زنجیرە درامای بەغدای نوێ، كۆمەڵگەیەكی نوێی بەغدادت پێ ئاشنا دەكات، شێواوی دوای جەنگەكان، نوقمبوو لە كێشەی گەورەو و راكردن بەدوای بەرژەوەندی و پارە، زاڵبوونی بێوەفایی، تەشەنەكردنی گەندەڵی، بڵاوبونەوەی تلیاك،
بڵاوبوونەوەی تاوان و میلیشاو بازرگانی چەك، دەركەوتنی میدیای كڕدراو بە پارەی سیاسییەكان، دروستكردنی سیناریۆ بۆ كەسایەتی پاك و دژە گەندەڵی لەناویاندا ( مامۆستا حەسەن) كە تیایدا هونەرمەند ( باسم قەهار) رۆڵی سەرنوسەری رۆژنامەیەك بەرجەستە دەكات، خۆی و رۆژنامەكەی دژ بەو سەنگەرانەن.
لەدرێژەی چیرۆكی زنجیرە دراماكە ئەوەش باسدەكرێت، كە مردن سزا نییە، ژیان لەم عێراقە سزایە، سزایەكە، هەركاتێك بەهەر شوێنێكیدا گوزەر بكەیت، بەریدەكەویت، هەستی پێدەكەیت، رووداوی زینجیرە درامای “بەغداد ئەلجەدیدە”واتە: بەغدای نوێ، بینەر دەخاتە سەر ئەو هێڵە فكرییەی دراماكەی لەسەر بنیناتنراوە، ژیان لەم كۆمەڵگە نوێیەی عێراق، سزایە، تۆڵەت لێدەكاتەوە.
شوان عەتوف، لەم زنجیرە درامایە زمانی عەرەبی عێراقی رۆڵ دەبینێت، ئەمەیش رێگر نەبووە لەبەرجەستەكردنی جوانی كەسایەتییەكە، كێشەی فۆنەتیكی زمانی نییە. شوان عەتوف، هونەرمەندێكی بەتوانایە، لەسەر تەختەی شانۆ، لە فیلمی سینەمادا و لەدراماكاندا رۆڵی بەرچاوی هەیە.
هەموو ئەو هونەرمەندە عێراقییانەی لەبەردەم (باسم قەهار) لە دیمەنی درامایەك دەركەوتوون، توانایان، رۆلبینینیان، ئاستی نواندیان، وەك شوان بەهێز نەبووە، شوان لە رۆڵی ( ناسر)، دەدرەوشێتەوە رۆلێكی بەرچاو دەگێڕێت.