سەردار قازی ـ زاری كرمانجی:
دوای 20 رۆژ لە بێسەرووشوێن بوونی خانمێكی كاسبكار لە رۆژهەڵاتی كوردستان، لە بەنداوێكی نزیك شارەكەی بە خنكێندراوی دۆزرایەوە.
سەرشین پیرە، خانمێكی خەڵكی گوندی بێساران ـی سەر بە شاری مەریوان ـی رۆژهەڵاتی كوردستان بوو، پیشەی زێڕنگر بوو و خاوەنی دوو منداڵی تەمەن 14 و 10 ساڵان بوو، 20 رۆژ پێش ئێستا بێسەروشوێن بوو.
دوای چەند رۆژێك لە گەڕانی بەردەوام بەدوایدا، دواجار لە قووڵایی 55 مەتری بەنداوی گاڕان ـی نزیك شاری مەریوان، بە خنكێندراوی دۆزرایەوە.
بەدواداچوونەكان دەریدەخەن، كە دوای ئەوەی بنەماڵەی سەرشین و هاوسەرەكەی، گومان لە كەسێك دەكەن، بەوەی تاوانەكەی ئەنجام دابێت، راستەوخۆ سكاڵای لەسەر تۆمار دەكەن، پاشان تۆمەتبارەكە لەلایەن فەرمانگەی تاوانەكانی مەریوانەوە دەستگیر دەكرێت.
تاوانبار لە دانپێدانانەكەیدا باسی لەوە كردووە، سەرەتا سەرشینی خنكاندووە، دواتر بە تەلبەندێك تەرمەكەی دەپێچێتەوە و بەردی پێوە گرێ دەدات، بۆ ئەوەی تەرمەكەی قوورس بێت و بكەوێتە ناو قووڵایی، پاشان فڕێی دەداتە ناو بەنداوەكە.
دوا لێكۆڵینەوەی تۆمەتبارەكە ئەوەش دەركەوتووە، كە تیمەكانی لێكۆڵینەوە ماڵی تۆمەتبارەكەیان پشكنیوە و دەركەوتووە كە هەرچی زێڕ و زیوی سەرشین بووە، دزیویەتی و لە نێو ماڵەكەیدا شاردوویەتییەوە.






























































