دێسكی وەرزشی زاری كرمانجی:
شەوی رابردوو لەمیانەی بەڕێوەچوونی یارییەكانی گەڕی دووەمی یۆرۆی 2024، كریستیانۆ رۆناڵدۆ بە تۆماركردنی دوو گۆڵ سەركردایەتی هەڵبژاردەی پۆرتوگالی كرد، بۆ بردنەوەی دووەم لەسەریەك و بەدەستهێنانی سەركەوتنێكی گەورە لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان.
لە دووهەمین یاریی پاڵاوتنەكانی گەیشتن بە یۆرۆی 2024 لە ركابەرییەكانی كۆمەڵەی دەیەمدا، هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر لوكسەمبۆرگ یارییكرد و یارییەكەی بە شەش گۆڵی بێبەرانبەر لێبردەوە.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە 2 یاریی پاڵاوتنەكاندا 4 گۆڵی تۆماركردووە، لە 11 یاریی بەرامبەر لوكسەمبۆرگ 11 جار تۆڕەكەی هەژاندوون.
دوای ئەو بردنەوەیە رۆناڵدۆ لە پەیامێكیدا كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویكردەوە گوتی: “2 یاریی و 2 بردنەوە، زۆر دڵخۆشم كە بەشداری دەكەم لەم سەرەتایە ئەرێنییەی هەڵبژاردەكەمان، با بەیەكەوە بەرەو پێشەوە بڕۆین.”