لە ماوەیەكی كەمدا 3 پاڵەوانێتی بەڕێوەچوونە
شەهلا رەشید- سۆران :
شەتڕەنج، رەنگی سپی و رەشی هەیە كە دوو یاریزان لەسەر تەختەیەكی شەتڕەنجی 64 گۆشەی ئەنجام دەدەن، هەر چوار گۆشەیەك دەتوانرێت بۆ ماوەی وەرزێك چۆڵ بێت یان داگیر بكرێت، یارییەكە لە 16 خانەی سپی و رەش پێكدێت.
شەتڕەنج بە لە ئیدارەی سۆرانیش شوێنكەوتووی هەیە و گرنگی پێدەدرێت، بەتایبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا گرنگییەكی زۆری پێدراوە لەلایەن ئارەزوومەندان و ئەوانەی كە فۆڵۆوەری ئەم یارییەن.
خانەی فەرهەنگی شین لە سەنتەری قەزای سۆران، بووەتە پەناگەیەك بۆ تێركردنی ئارەزوومەندانی یاریی شەترەنج و تا ئەم ساتە كۆمەڵێك خولی لێ بەڕێوەچوونە.
رێكان وەلید، سەرپەرشتیاری خانەی فەرهەنگی شین، سەبارەت بەم یارییە، بە زاری كرمانجی راگەیاند: “بەشی شەتڕەنج لە خانەی فەرهەنگیی شین لە ساڵی 2021 بە فەرمی كرایەو و گرنگی پێدرا، سەرەتا وەك فێركاری بە هاوكاری سەنتەری مەلیك و چەند یاریزانێكی بەناوبانگی هەولێر و كوردستان توانیمان خولێكی دوو مانگی بۆ كۆمەڵێك فێرخواز بكەینەوە شێوازی یارییەكە، چۆنیەتی كردنەوە و كۆتایی هێنان بە یارییەكە فێری یاریزانەكان بكەین لە رێگەی مامۆستای خاوەن ئەزموون و توانای باش، دوای تێپەڕبوونی ماوەیەك بەسەر خولی فێركارییەكە، پاڵەوانیێتیێكمان لەنێوان گشت یاریزانانی ئیدارەی سۆران و چەند یاریزانێكی هەولێریش رێك خست بە هاوكاری سەنتەری مەلیك بۆ شەتڕەنج، كە ماوەی دوو رۆژی خایاند و بەردەوام بووین لە گرنگیدان بە یارییەكە بۆ ئەوەی وا بكەین سۆرانیش ببێتە خاوەن یاریزانی بەتوانای شەتڕەنج و بتوانێ بەشداری پاڵەوانێتیەكان بكات لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق، بۆیە پاڵەوانێتی دووەمی شەتڕەنجمان لە نێو زانكۆی سۆران بۆ زۆرترین یاریزانی دەڤەرەكە رێك خست كە كۆی بەشداربوون گەیشتە 48 یاریزان لە هەردوو رەگەز.
ئاشكراشی كرد، “دواتر هەر بەردەوام بووین لەسەر گرنگیدان بە یاریی شەتڕەنج، هەتا توانیمان بە هاوكاری كۆڕەك تیلیكۆم نهۆمی دووەمی خانەی شین بكەینەوە و شوێنێك لەم نهۆمەمان تایبەت كرد بە یاری شەتڕەنج، ئێستا هەموو شەو و رۆژێك یاریزانان یاری خۆیان لە نێو شوێنی تایبەت بە شەتڕەنج ئەنجام دەدەن و هەفتانە پاڵەوانێتی ناوەخۆیی ئەنجام دەدرێن. ماوەیەك لەمەو پێش پاڵەوانێتی سێیەمی شەتڕەنجی خانەی شین لە نێو نهۆمی دووەمی خانەكەمان بە بەشداری 50 یاریزان بەڕێوەچوو، ئێستا سۆران بووەتە خاوەنی زۆرترین یاریزانی شەتڕەنج لەسەر ئاستی دەڤەرەكە، رۆژانە گەنجان روو لە فێربوونی یارییەكە دەكەن. گرنگی بە پڕۆژەكە دەدەین و هەوڵ دەدەین مامۆستاكانمان بنێرین بۆ ناوەندە ئەكادیمی، باڵەخانە حیزبی و مەدەنییەكان بۆ ئەوەی پەرە بە فێربوونی یارییەكە بدرێت، چونكە وێڕای ئەوەی یارییەكی ئەقڵی و چێژ بەخشە لەهەمان كاتیشدا پەرە بە بیركردنەوە و رێكخستنی هۆشی مرۆڤ دەدات”.
مێژووی ئەم یارییە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شەشەمی زایینی لە رۆژهەڵاتی هیندستان، یەكەم جۆری شەتڕەنج بە ناوی سانسكریتی چاتورانگا لە ئیمپڕاتۆریەتی گوپتا داهێنراوە، هەروەها لەلایەن عەرەبەكانەوە لە سەرانسەری جیهانی ئیسلامیدا بەناوبانگ بوو و ناوی لێنرا شەتڕەنج، ئێرانییەكان و عەرەبەكان لە سەدەی نۆیەمەوە ئەوروپا و رووسیایان بە شەتڕەنج ناساند، هەر لەبەر ئەم هۆكارەش لە زۆربەی زمانە ئەوروپییەكان ناوی ئەم یارییە لە وشەی شەتڕەنج یان پاشا پارچە سەرەكییەكەی یارییەكە وەرگیراوە و ناوی زۆربەی پارچەكانیش لە ناوە فارسی و عەرەبییەكانیانەوە وەرگیراوە، لە ئەوروپا وردە وردە ئەم یارییە گۆڕانكاری بەسەردا هات و بە گۆڕینی شێوەی جوڵەی هەندێك پارچە، دینامیك و خێرایی یارییەكە زیاتر بوو، لە كۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا پاڵەوانێتی جیهانی شەتڕەنج دامەزرا، یەكەم پاڵەوانی فەرمی جیهانی شەترەنج، ویلهێلم شتاینیتز بوو، یاریزانی شەتڕەنجی جولەكە و خەڵكی شاری بۆهێمیای بوو، كە لە ساڵی 1886 بە شكستهێنان بە یۆهانس زوكەرتۆرت ئینگلیز ئەم نازناوەی بەدەستهێنا، ماگنوس كارلسنی نەرویجی، پاڵەوانی ئێستای جیهانی شەتڕەنجە، كە لە ساڵی 2013 بە بردنەوەی ڤیسواناتان ئاناند ئەم نازناوەی بەدەستهێنا و لە ساڵی 1924 رێكخراوی جیهانی شەتڕەنج FIDE دامەزرا و وردە وردە پێشبڕكێ و نازناوی نوێ دروست بوو، پێشبڕكێ نێودەوڵەتییەكانی شەتڕەنج لە كاتی جەنگی جیهانی دووەمدا وەستان و دوای جەنگی جیهانی دووەم، كۆمپانیای فیدە بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی پاڵەوانێتی شەتڕەنجی جیهانی لە ئەستۆ گرت، تا ئێستا 170 فیدراسیۆنی نیشتمانی بوونەتە ئەندامی فیدە و ئەم رێكخراوەیان كردووە بە یەكێك لە گەورەترین رێكخراوە وەرزشییەكانی جیهان.
