زاری كرمانجی – سۆران:
چەندین ساڵە هەندێك حیزب و لایەنی سیاسی هاوبەش و بەشداری راستەقینەی كابینە یەك لەدوای یەكەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن، كەچی میدیا و بەشێك لە سەرانی حیزبەكانیان بە بڕیارێكی دادگەی پاریس، كە مێژووەكەی زۆر كۆنە و بۆ چەند ساڵێك پێش ئێستە دەگەڕێتەوە، شاگەشكە گرتوونی و بە ئەگەری زۆرەوە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەش هەیە.
بەپێی دەستوور هەرێمی كوردستان مافی بەرهەمهێنان و ناردنی نەوت و سەرچاوە سروشتییەكانی تری خاكەكەی هەیە و ناكرێ هەندێك كەس و لایەنی سیاسی، كە ئەوە ئەجێندایەكی تری هەیە، دڵخۆشی بەو بڕیارانەی ئێستەی دادگەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی، كە بارەگاكەی لە پاریسی پایتەختی فڕەنسایە دەرببڕن، چونكە هێشتا لە رووی ئابوورییەوە ناتوانرێت بەتەواوی پشت بە بەڵێنی كابینەكەی سوودانی ببەستن.
د. مستەفا عەزیز، مامۆستا زانكۆ و پسپۆڕی بواری ئابووری ڕاگەیاند، لەدوای پرۆسەی سەربەخۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، دابینكردنی بەشێكی زۆری پارەی مووچە و پڕۆژە و پێداویستیی هاووڵاتییان پشتی بەداهاتی نەوت بەستووە.
زیاتر گوتی، لەرابردوودا چەندانجار حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە رێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە، داتای ناردن و بڕی پارەی دەستكەوتووی بۆ رای گشتی ئاشكرا كردووە و تا ئەندازەیەكی باش شەفافیەتی پێوە دیار بووە.
د. مستەفا عەزیز، مامۆستا زانكۆ، گوتی: بەپێی كارنامەی پێكهێنانی كابینەی سوودانی، كە پارتی دیموكراتی كوردستان پێكهێنەر و باوڕپێكراوێكی گرنگی لایەنە شیعەكانە، دەبێت هەردوو حكوومەتی ناوەند و هەرێم، لەسەر پرسە هەڵسپێردراوەكان، لەوانە دۆسیەی نەوت و غازی سروشتی رێك بكەون، بەتایبەتی كاتێك كە پشكی كورد لە بودجەی ئەمساڵی عێراق جێگیر كراوە، ئیتر كارێكی ئاساییە مادەم مانگانە ناوەند پابەند كراوە بە پێدانی بودجە و پشكی هەرێم، ئاگەداری ناردن و بەرهەمهێنانی نەوت بێت، جا خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتی بكات یان لایەنی سێیەم.
ئومێد كەریم، چاودێری سیاسی، دەڵێت: بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان دۆخێكی ناهەمواری دژایەتیی كارە باشەكانی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێم هەیە، هەندێك لایەنی سیاسیش بەتایبەتی یەكێتی، كە پێیەكی لەناو حكوومەتە و پێیەكەی تری لە دژایەتیكردنیەتی، بەهۆی دۆخی ناوخۆیی و خراپیی پێوەندی لەگەڵ لایەنەكانی تر، دەیانەوێ نەك نەوت، بەڵكو هەموو دەستكەوتەكانی دوای راپەڕین و پرۆسەی ئازادی عێراق لەدەست بدرێت.
ئاماژەی كرد، پێشتر یەكێتی و چەند لایەنێكی تری هاوپەیمانیان، دەیانگوت حكوومەتی هەرێم، بەتایبەتی پارتی، نایەوێ لەگەڵ بەغدا رێككەوتن بكرێت، كەچی ئێستە كە رێككەوتن كراوە، دەیانەوێ لە رێگەی میدیاكانیانەوە ئەو هەنگاوە نادیدە بگیرێت و گرفت و لەمپەڕ بۆ رێككەوتنی هەردوو لا دروست بكەن، تا دواتر بڵێن ئەوە قسەی ئێمە بوو حكوومەتی هەرێم، بەتایبەتی سەرۆك وەزیران پێوەی پابەند نییە.