شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێك ئەو شەربەتانەی كە مانگی رەمەزان لە بازاڕەكان دەفرۆشرێن بە شەربەتی كیمیایی ناویان دەبات، هەروەها بەشێوازێكی مەترسیدار باسیان دەكات.
د.كاوە عومەر، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” ئەو شەربەتە دەستكردانەی ناو بازاڕ كە بە رەنگە جوان و جیاوازەكان داندراون، لە دووری 100 مەتر و شوێنێكی تاریكیش دەتوانی ئەم رەنگە تۆخانە ببینی، چونكە وەك فسفۆرن، هەموو ئەمانە زیانێكی زۆریان هەیە بۆ تەندروستی، چونكە ماددەی كیمیاییان تێدایە و مرۆڤ تووشی شێرپەنجە دەكات.
گووتیشی” كاتێ مرۆڤ بەرۆژوو دەبێت كارەساتە بەم شەربەتە دەستكردە رەنگاورەنگانە رۆژووەكانیان بشكێنن، گەدەی مرۆڤ بەتاڵە و هەموو ئەو ماددە كیمیاییە زیانبەخشانە هەڵدەمژێت، دەبنە ژەهراوی جگە لەمەش زیانێكی زۆری هەیە بۆ بەرزبوونەوەی شەكرە، ئەمە پێی دەگووترێت شەربەتی كیمیایی و شێرپەنجە، تكایە خۆتان لەم شەربەتانە بەدوور بگرن، خواردنە تەندروست و سوودبەخشەكان بكەنە سەرچاوەی خۆراكتان.