زاری كرمانجی- سۆران:
بەرپرسی لقی 26ی گوڵانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەڤەری باڵەکایەتی گوتی، بەرنامەی کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان جێبەجێ دەکەین و بۆ ئەو مەبەستەش پلانێکی شەش مانگیمان داناوە و بایەخی زیاتریش بە گەنجانی سنووری باڵەکایەتی دەدەین، کە گەنج سەرمایەی نیشتمانە.
بەرپرسی لقی 26ی گوڵانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەڤەری باڵەکایەتی، کرمانج عزەت، گوتی: ”دوای دەستبەکاربوونمان وەکوو بەرپرسی لقی گوڵان ئێمە ئەو بەرنامەی لە کۆنگرەی پارتی دانراوە و بووەتە پلانی کارکردنی چەند ساڵە و ئێمەش بە میکانیزم و فۆرمێکی نوێ لەگەڵ سەردەم بگونجێت لە ناوچەی باڵەکایەتی جێبەجێ بکرێت و ئەو میکانیزمە زۆر باشە بۆ ئەوەی پەیامی خۆمان بگەیەنینە خەڵک و سکاڵا و داواکاری و پێشنیاری خەڵک وەرگرین و بیکەینە پڕۆژە و پلان لەگەڵ حکوومەت و هەم ئەو پڕۆژە و پلانانەی حکوومت هەیەتی جوانتر تەرجەمەی بکەینەوە لەناو خەڵک، بۆیە دەمانەوێت ئیش لەسەر کارە نوێیەکان بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش پلانێکی شەش مانگیمان داناوە، لە هەموو بوارەکاندا ڕێکخستنی حیزبایەتی و ئاشتکردنەوەی خەڵک و بەشداریکردنی کەسایەتی و خەڵکی ڕۆشنبیر لە هەموو بوارەکان و دروستکردنی داتا لە هەموو چینەکان و لە بواری ڕۆشنبیری و لاوان و قوتابیان و ئافرەتان و ڕێکخراوە پیشەییەکان کار بکەین و بەشێک بین لە پلانی ئاوەدانکردنەوەی دەڤەری باڵەکایەتی بە پەیداکردنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان و لاوانمان.”
کرمانج عزەت گوتیشی: ”دەمانەوێت ئینتیمای نیشتمانی و نەتەوەیی لای خەڵک زیاتر بێت کە باڵەکایەتی قوتابخانەی شۆڕش بووە، بۆیە پلان دانراوە لە ماوەی داهاتوو کاری لەسەر دەکەین کە بگەینە ئەوەی ئەو خۆشەویستییە لە نێوان باڵەکایەتی و سەرۆک بارزانی هەیە بە کرداری بیخەینە بواری جێبەجێکردنەوە.”
عزەت ڕوونیشی کردەوە: گەنج سەرمایەی هەموو لایەک و نیشتمانە و ئەوان ڕابەری سبەینێ و ئایندەن، بۆیە بایەخی گرنگیان پێ بدرێت، بۆ ئەوەی داهاتوویەکی پرشکنگداریان هەبێت و بتوانن بەرپرسیارەتی داهاتوو بە گەورەیی وەربگرن .