موڕشید برادۆستی – سیدەكان:
ماوەیەكە لە دەڤەری برادۆست و سنووری قەزای سیدەكان، ئاژەڵ و باڵندەی كێوی لە نزیك ئاوەدانی و رێگە سەرەكییەكان دەبیندرێن، ئەمەش ژینگە و سرووشتی دەڤەرەكەی جوانتر كردووە و داوای پاراستنیان دەكرێت.
مفەوەز عەدنان مەلا ئەحمەد، بەرپرسی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سیدەكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” لە ناوچەی كانی سواران و سەری بەرد و لە چەند شوێنێكی دیكەی سنوورەكەمان، ئاژەڵ و باڵندەی كێوی بینراون و لە زیاد بووندان، بە تایبەت ” بزنی كێوی و كەو ” ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە و هەموو هەوڵێكیش دەدەین بۆ پاراستنیان.
بەرپرسی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سیدەكان، دەڵێت:” مەفرەزەكانی هاتووچۆمان دەركرووە بە مەبەستی چاودێری كردن و پاراستنی ئاژەڵە كێویەكان، هەر كەسیێكیش ببینین یا زانیاریمان پێبگات كە زیان بە ئاژەڵ و باڵندەی كێوی بگەینێت و بیانكوژێت، لێپێچپینەوەی توندیان لەگەڵ دەكەین و رووبەڕووی دادگا و یاسایان دەكەینەوە.
گووتیشی:” لە ئێستادا تا رادەیەك خەڵك خۆیان لە راو كردن دەپارێزن، ئێمەش وەك پۆلیسی داراستان جموجۆڵمان لە سنووری قەزای سیدەكان زیاتر بووە و لە كاتی پێویست مەفرەزە دەردەكەین، هەموو هەوڵێكیش دەدەین بۆ پاراستنی ئاژەڵ و باڵندە كێوی و سرووشت و ژینگەی قەزای سیدەكان”.