مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
دووشەممەی ڕابردوو 20 ی ئاداری 2023، چوار ئەندامی خێزانێکی کورد کە بە بنەماڵەی پێشمەرگە ناسراون، لە شارۆچکەی جیندرێسی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان لە کاتی کردنەوەی ئاگر و پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز، لەلایەن گرووپی شەرقیەی نزیک لە تورکیا کۆمەڵکوژکران، ڕۆژی دواتر بە بەرزکردنەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، تەرمی قوربانیان بەرەو گۆڕستان بەڕێکران و هەر لەوێدا هاونیشتمانییان داوایان کرد کە پێویستە بە زووترین کات گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکە دەربکرێن و تاوانبارانیش سزا بدرێن.
ئەم ڕووداوە کوردانی تەواوی بەشەکانی نیشتمانی تووڕە کرد و بە چالاکی جۆراوجۆری شارستانییانە داوایان لە کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی کرد قڕ کردنی کوردان ڕابگرێت و تاوانباران ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.
ڕێباز غەفوور ڕەسول قوتابی قۆناخی سێیەمی زانستە سیاسیی و پەیوەندی نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی سۆران لەبارەی ئەم ڕووداوە دەڵێ: “بەداخەوە ڕۆژ بە ڕۆژ ئاستی ڕەگەزپەرستی دەوڵەتی تورک لە هەمبەر کوردان زیاتر دەبێت و ئەو گرووپە چەکدارانەی سووریاش کە تورکیا پاڵپشتیان دەکات، ئەوانیش تا سەر ئیسقان دژی کوردن و یەک ئامانجیان هەیە کە ئەویش قڕکردنی کوردە، جگە لەوەش ئەوان تەنیا دژی کورد نین، بەڵکوو دژی زمان و فەرهەنگ و یاد و بۆنە نیشتمانی و نەتەوەیییەکانی ئەویشن، بۆیە هیچ شتێک بۆ کورد بە ڕەوا نابینن و لەو کاتانەدا بە ئاسانی دەستیان سوور دەکەن بە خوێنی ڕۆڵەکانی ئێمە،”
ڕێباز باس لە بێ هەڵوێستی و بێ دەنگی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی دەکات لە هەمبەر ئەو کۆمەڵکوژەیی دەرهەق بە کورد دەکرێت و دەڵێ: “کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر ئەو تاوانانە، تا ئێستا بێ دەنگی هەڵبژاردووە و چاوەکانی لە بەرامبەر کۆمەڵکوژی کوردان داخستووە، کە ئەمەش مرۆڤبوون و دیموکراسی ئەو کۆمەڵگەیە دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ڕاستە لەوانەیە تاکە هۆکار ئەوە بێت کە بەرژەوەندییان لەگەڵ تورکیا هەیە و ناخوازن پەیوەندییەکانیان تێک بچێت، بۆیە بێ دەنگیان هەڵبژاردووە.”
ڕێباز بە ئاراستەکردنی پرسیارێک درێژە بە قسەکانی خۆی دەدات و دەڵێ :”لەو کاتە پێویستە کورد چی بکات ؟ بە دڵنیایەوە دەبێت یەکگرتوو و یەک هەڵوێست بێت و خاوەنداریەتیی لە یەکتر بکەن و بە چالاکی جۆراوجۆری شارستانییانە چاو و گوێ داخراوەکان بکەنەوە و پاڵەپەستۆیەکی زیاتر دروست بکەن لەسەر وڵاتانی دەرەوە، تاکوو کۆمەڵکوژی کوردان بە کۆتایی بێت و دادگای نێو دەوڵەتی بهێننە سەر هێڵ، گەر ئەوە نەکەین بە دڵنیایەوە دەبێت چاوەڕێ کۆمەڵکوژی زیاتر بکەین.”
لە گردبوونەوەی هاونیشتمانییانی جیندرێسی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان، داوایان کرد هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بچێتە ناوچەی ئەوان و پارێزگاریان لێ بکات، بۆ ئەم مەبەستە ڕێباز دەڵێ:”هەرێمی کوردستان وەکوو هەرێمێکی دان پێ نراو لە عێراق، خاوەن هێزی پێشمەرگەی خۆیەتی کە وەک هێزێکی کاریگەر ناسراوە لە کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی و بەشێکە لە هاوپەیمانی دژ بە داعش، بۆیە دەکرێت بجووڵێت بەرەو ناوچەیەکی تر بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاونیشتمانییانی خۆی و دەکرێت باس لە جووڵاندنی ئەو هێزە ببێتە هەنگاوێک بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی و هێزەکانی هاوپەیمانان بێنە سەر خەت و چارەسەر یەک بۆ ئەو بارودۆخەی عەفرین ڕۆژئاوای کوردستان بدۆزنەوە.”
ئیحسان شەمسەدین قوتابی قۆناخی سێیەمی زانستە سیاسیی و پەیوەندی نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی سۆران ئەویش لەم بارەیەوە دەڵێ: “جارێکی تریش بە بۆنەی پیرۆزکردنی یادو بۆنە نیشتمانی و نەتەوەیییەکانی خۆی، کورد کۆمەڵکوژ کرانەوە، ڕووداوەکەی جیندرێسی عەفرین، جارێکی تر ئەو پەیامەی دووپاتکردەوە کە کورد دوژمنی زۆرە، بەڵام بێ ئاگا لەوەی کە کورد بەو جۆرە ڕووداوانە گڕ و تینی زیاتر دەبێت لە بەرامبەر یادو بۆنەکانی خۆی و هیچ کاتێک دەستبەرداریان نابێت. ئەوانەی دەیانگوت کوردی چیای، هەر ئەوەیان لێ چاوەڕێ دەکرێت کە مافەکان لە کورد زەوت بکەن و کۆمەڵکوژی بکەن، بەڵام بەو کارانەیان ناگەن بە هیچ، بەڵکوو کورد گەورەتر دەبێت و سەربەخۆییش نزیکتر دەبێتەوە.”
ئیحسان ئەوەش دەڵێ:”پێویستە کورد یەکگرتوو و یەک هەڵوێست و یەک دەنگ بێت لەبەرامبەر ئەو ڕووداوانەی کە بەسەری دەهێت و بە توندی ڕووبەڕووییان بوەستێتەوە و پارێزگاری لە بوون و ژیانی خۆی بکات.”
شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان 18 ی ئاداری 2018 کەوتە ژێردەستی تورکیا و گرووپە چەکدارەکان. لەو کاتەوە زیاتر لە 150 هەزار کوردی ڕەسەنی ناوچەکە ئاوارە و کۆچبەر بوون و تورکیا و گرووپە چەکدارەکانیش تۆمەتبار دەکرێن بەوەی هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە دەدەن.
