زاری كرمانجی-سۆران:
د. داهات حەوێزی، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناوی و شەكرە، لەبارەی ئەو كەسانەی كە نابێ رۆژوو بگرن دەڵێت” رۆژووگرتن واتە مرۆڤ لە بانگی بەیانییەوە تا بانگی مەغریب خۆی لەو شتانە بەدوور بگرێت كە رۆژووەكە دەشكێنن، رۆژووگرتن سوودی تەندروستی زۆرە بەڵام هەندێ نەخۆش ناتوانن بەڕۆژوو بن لەوانەش: ئەو كەسانەی بەرزەفشاری خوێنیان هەیە و هەمیشە پەستانی خوێنیان بەرزە، یان نەخۆشی دڵیان هەیە و حاڵەتەكەیان ناجێگیرە، وەكو سستی دڵ و جەڵتەی دڵ، هەروەها تووشبووانی شەكرە ئەوانەی كە دەرزی ئەنسۆلین یان ئەو دەرمانانە بەكاردەهێنن كە شەكرە زۆر دادەبەزێنێ، ئەو نەخۆشانەی بەردەوام شەكرەكەیان بەرزە یاخود زۆر دادەبەزێ، ئەوانەی پێش رەمەزان پشكنینی سێ مانگی شەكرە (HbA1c)یان لە نۆ زیاتر بێت و ئەوانەی نەخۆشانی شەكرە كە تووشی ماكەكانی شەكرە بوون وەك تێكچوونی تۆڕەی چاو و ئاوی سپی و زەختی چاو، فڕێدانی پڕۆتینی گورچیلە و ترشبوونی شەكری خوێن.
ئەم پزیشكە دەشڵێت” نەخۆشانی سستی گورچیلە، هەوكردنی سەختی گورچیلە، بەردی زۆری گورچیلە و بەرزی یوریك ئەسید، یاخود ئەوانەی نەخۆشی برینی گەدە و دوانزەگرێی چالاك و خوێنبەربوونی گەدەیان هەیە وا باشە بەڕۆژوو نەبن.
هەروەها ئاماژەی بە خاڵێكی دیكەش دەكات و دەڵێت” ئەوانەی كەمخوێنیەكی سەختیان هەیە، تا كەمخوێنەكەیان چاك نەبێت باشتر وایە رۆژوو نەگرن، نەخۆشییە درێژخایەنەكانی وەك سیل، شێرپەنجە و هەوكردنە سەختەكان، یان ئەوانەی رەبۆی سەخت و هەوكردنی سەختی قوڕگیان هەیە و پێویستە بەردەوام ئاو بخۆنەوە و قوڕگیان تەڕ بێت، هەندێ لە نەخۆشانی شەقیقە بە برسیەتی خراپ تێكدەچن هەموو ئەمانەش باشترە بەڕۆژوو نەبن.