موڕشید برادۆستی – سیدەكان:
لەگەڵ فراوان بوونی قەزای سیدەكان و زۆری رێژەی دانیشتوانان، ئاوەڕۆی گەڕەك و كۆڵانەكانیش زیادی كردووە و بەهۆی دروست نەكردن و دانەپۆشینی، هاووڵاتییانی خستۆتە دۆخی خراپ و لە رێگەی زاری كرمانجی داوای چارەسەری ئەو گرفتە لە لایەنی پەیوەندی داردەكەن، سەرۆكی شارەوانی سیدەكانیش، موژدەی چارەسەر كردنی گرفتی ئاوەڕۆ بە دانیشتوانانی ئەو قەزایە دەدات.
زریان شوكری، پیشەی مامۆستایە و دانیشتووی گەڕەكی راپەڕینی سیدەكانە، دەڵێت:” ئاوەڕۆی سەنتەری قەزای سیدەكان كە سنوری سێ گەڕەك، گوڵان، ڕاپەرین و فەرمانبەران دەبڕێت و دەكەوێتە بەردەم ماڵی ئێمە و چەندین هاوولاتی دیكەی لێ نیشتەجێیە، ئەم ئاوەڕۆیە بەتەواوی بێزاری كردوین كە تا ئێستا نەكراوەتە ” سندووقی ” و ئاوا جێهێلدراوە كە ژمارەیەكی زۆری خەڵكی نزیكی ئەم ئاوەڕۆیە بێزارن لە پیسی و بۆنی ناخۆش و زۆری مێش و مەگەز و دەبێتە هۆی بڵاوبونەوەی چەندین نەخۆشی لە هاویناندا و لە وەرزی زستانیش ئاستی ئاوەكە زیاد دەكات و مەترسی لە سەر ژیانی منداڵەكانمان دروست دەكات.
دووپاتی كردەوە، شوێنی ئاوەڕۆیەكە جیا لەوەی سیمایەكی ناشرین دەبەخشێت، لە لایەن بەشێك لە خەڵكیش پاشماوە و زبڵ و خاشاكیشیان فڕێ دەدەنە نێو ئاوەڕۆیەكە، بۆیە داوا لە لایەنی پەیوەندی دار دەكەین كەوا بە ڕژدی بێنەسەرخەت و خەمێكی لێ بخۆن و چارەسەرێكی ڕیشەیی بۆ بدۆزنەوە.
لەو بارەیەوە، عەبدولقادر ئەكرەم، سەرۆكی شارەوانی سیدەكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” كەشف و دەرخەستەمان بۆ ئاوەڕۆی گشتی سەنتەری قەزای سیدەكان كردووە، لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش باسی ئەو گرفتەمان كردووە و پلانمان داناوە بۆ دروست كردنی ئاوەڕۆیەكی سندووقی بەمەودای دوو كیلۆمەتر.
سەرۆكی شارەوانی سیدەكان، دەڵێت:” دروست كردنی ئاوەڕۆی سندووقی بە دوو قۆناغ دەچێتە واری جێبەجێ كردن و بەمەش سیمایەكی جوانتر بە گەڕەك و كۆڵانەكان دەبەخشێت، لە هەمان كاتیش دەبێتە ئاسانكاریەكای باش بۆ دانیشتوانانی سەنتەری قەزا.
بەپێی زانیارییەكانی دەست زاری كرمانجی كەوتووە، پڕۆژەی دروست كردنی ئاوەڕۆی گشتی سندووقی قەزای سیدەكان، لە پلانی ئەمساڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و بە گوژمەی ” 700 ” ملیۆن دینار دەچێتە واری جێبەجێ كردن و بەمەش كێشەی ئاوەڕۆی ماڵان لە قەزاكە چارەسەر دەبێت”.