“تا دوا هەناسە لە خەباتكردن بەردەوام دەبم”
زاری كرمانجی – سۆران:
لە بەرنامەی پێشمەرگە كە هەموو رۆژانی یەك شەممە لە رادیۆی زاری كرمانجی پێشكەش دەكرێت، میوانداری پێشمەرگەی دێرین و هەڵگری مەدالیای بارزانی نەمر، عەمید مرادخان بشۆ دری كرا. ئەو قارەمانە باسی لەو داستانانە كرد كە تێیدا بەشدار بووە، هەروەها باسی رۆژانی سەختی پێشمەرگایەتی كرد و گوتی، تا دوا هەناسە لە خەباتكردن بەردەوام دەبم.
عەمید مرادخان بشۆ دری، پێشمەرگەی دێرین و هەڵگری مەدالیای بارزانی نەمر، لە ساڵی 1951 لە گوندی دری لە دەڤەری بارزان لە دایكبووە و لە تەمەنی 17 ساڵی بۆتە پێشمەرگە، ساڵی 1968 تا 1975 پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بووە، دواتر ئاوارەی ئێران بووە، لە ماوەی پێشمەرگایەتی چەندین جار لەلایەن رژێمی بەعس دەستگیر كراوە و بریندار بووە.
عەمید مرادخان بشۆ، گوتی: سوپاسی دەزگای زاری كرمانجی دەكەم كە ئەم دەرفەتەی بۆم رەخساند تا بتوانم باسی نەهامەتییەكانی ژیانی پێشمەرگایەتی خۆم بكەم، ساڵی 1968 لە باڵەكایەتی بوومەتە پێشمەرگە، كە ئەو كات سەرۆك بارزانی هەواڵی ناردبوو 50 كەس لە خەڵكی گوندی دری بۆم بنێرن، ئەوە بوو پێشمەرگەی دێرین كە ئێستا لە ژیان نەماوە مەلحەم دری بەم كارە هەڵسا، ئەو كاتە هیچم نەدەزانی تەنها زۆر دڵخۆش بوو كە بووم بە پێشمەرگە، كە چووین بۆ قەسرێ لە دەڤەری باڵەكایەتی، بارزانی نەمر چەكی دایە ئێمە و ئەوانەی كە بە تەمەن بوون رەوانەی بەرەی پێشەوەی شەڕ كران، من و چەند هاوڕێیەكی دیكەش بەهۆی ئەوەی كە تەمەنمان بچووك بوو بۆ ماوەی سێ مانگ لە قەسرێ ماینەوە، دواتر گەڕاینەوە ماڵەوە و گووتییان بۆ ماوەیەك پشوو بدەن، دوای چوار مانگ بارزانی نەمر بانگی كردین و داوای كرد پێویستە بچنە گوندی شێوان، ئەوەبوو مەلحەم دری راسپارد كە سەركێشی ئێمە بكات، دوای چەندین ساڵ مانەوە لەم گوندە ساڵی 1975 ئاوارەی ئێران بووین چەند ساڵێك لەو وڵاتە ماینەوە، دواتر لەسەر فەرمانی سەرۆك بارزانی چەكی شەڕەفمان هەڵگرت و گەڕاینەوە خاكی كوردستان.
عەمید مرادخان دری، لە بارەی بارزانی نەمر، كە هەمیشە هەوڵی بۆ كورد و كوردستانێكی ئازادی داوە، گوتی: ئەم سەركردە شۆڕشگێڕە هەمیشە پاڵپشتی گەنجان بووە، داوای لە گەنجان دەكرد هەمیشە خۆیان لەسەر رۆحێكی بەهێز رابێنن، چونكە ئەمە بۆ كوردایەتییە، ئێمە دەجەنگین و قوربانی دەدەین لەپێناو كوردستانێكی ئازاد و سەربەخۆ، بۆ ئەوەی بتوانین لە دەست رژێمی بەعس رزگار بین و بە مافەكانی خۆمان بگەین، ئەو رۆژەی كە بارزانی نەمر كۆچی دوایی كرد، ئێمە لە گوندی مێوكێ نزیك قەزای مێرگەسۆر بووین، ئەو رۆژە ناخۆشترین رۆژ بوو لە ژیانی من و هەر تاكێكی كورددا.
ئەو پێشمەرگە دێرینە لە درێژەی قسەكانیدا، زیاتر گوتی: ئیدریسی جوانە مەرگ كە درێژەپێدەری رێبازی بارزانی نەمر بوو، هاوكارێكی باشی پێشمەرگە بوو، ئەو كات حەسۆ مەحموود، بەرپرسی ئێمە بوو، هەمیشە پێی دەگوت، ئەو پێشمەرگانەی لای تۆنە پێویستە لەگەڵ باش بی و رێزیان لێ بگری، دوای ماوەیەك چووین بۆ ئێران.
ئاشكراشی كرد:” لە هەر شوێنێكی خاكی كوردستان تەقە كرابێت بەشداریم كردووە، لە داستانی خواكوڕك كە یەكەم تەقە كرا من لەوێ بووم، سەرۆك بارزانی هاتە گوندی نار و گوتی، رێكخراوی سەربازی دادەنێین، رێكخراوەكەمان بەناوی چارچەل بوو خاڵد شلی، سەرپەرشتی دەكرد و منیش بووم بە بەرپرسی رێكخستن، سەرەتای دەستپێكردنی شەڕی خواكورك یەكەمین تەقە لە رێكخراوەكەمان كرا، دوای شەڕێكی دوور و درێژ توانیمان شكەست بكەینە بەشی رژێمی بەعس و داستانی خواكوڕك بە خوێنی چەند پێشمەرگەیەك تۆمار بكەین.
پێشمەرگەی دێرین و هەڵگری مەدالیای بارزانی نەمر، عەمید مرادخان بشۆ دری، ئێستا خانەنشینە، گوتی: ژیانی رۆژانی پێشمەرگایەتی زۆر خۆشبوو، چونكە ئەو كات لەگەڵ هاوڕێ و هاوسەنگەرەكانم لە شاخ بووین و پێكەوە پێشمەرگە بووین، كە نەماندەزانی كات چۆن تێدەپەڕێت، خۆشترین رۆژیش ئەو رۆژە بوو كاتێك سەرۆك بارزانی قسەی لەگەڵ كردین واماندەزانی هەموو دنیا بەدەستمانە، ئەگەر ئێستاش لێم بگەڕێن تا دوا هەناسە پێشمەرگایەتی دەكەم، هەر چەندە هێزی خەبات هەیە و ئەوانەی خانەنشین بوونە لەو هێزە دەوام دەكەن، بەڵام ئێستاش حەز دەكەم لە چیا و چۆڵەكانی كوردستان بم و بەردەوام بم لە خەبات كردن”.