پ. ی. د. بەنگین مسیح ئاودەل
مامۆستای زانکۆ
پێشەکی:
لێکۆڵینەوە یان توێژینەوەی زانستی هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی باشترین رێگەچارە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بوارەکانی ژیان و ڕێگایەکە بۆ فراوانکردنی سنووری تێگەشتن و کردنەوەی ئاسۆیێکی نوێ و بەستنەوەی بە نەوەکانی داهاتوو. بۆیە سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی زانست و زانیاری نوێ لە ڕاستیدا دەرئەنجامی چالاکییە زانستییەکان و ئەو توێژینەوەیانەیە کە لە لایەن توێژەرانەوە ئەنجام دەدرێن. توێژینەوە لە هەر بابەتێکدا، بە هەر فۆرمێک و لە هەر ئاستێکدا بێت، هەوڵێکی یەکگرتوو و سیستماتیکە بۆ پەرەپێدانی زانست و ئەو زانیاریانەی کە هەن و هەروەها ئەو پرسانەی کە رۆژانە ئێمە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین. توێژینەوەی زانستی بابەتێکی نوێ نییە. لە ئیسلام و لای موسڵمانان لە سەردەمی پێغەمبەر (ص) و هاتنی ئیسلام و دابەزینی قورئانی پیرۆزەوە بووەتە جێی بایەخ و گومانی تێدا نییە کە ئایینی ئیسلام لە نێو ئایینەکاندا وەک ئایینێک ناسراوە کە قبوڵکردنی لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوە و بیرکردنەوە بووە و تا ئێستاش بەردەوامە. قورئانی پیرۆز هانی مرۆڤیش دەدات بۆ لێکۆڵینەوە و گەڕان بەدوای ڕاستییەکان. بازنەی زانستی و پیشەسازی و ڕۆشنبیری هیچ وڵاتێک بە بێ چارەسەرکردن و گەشەپێدانی پرسی توێژینەوە، سەرکەوتنی ئەوتۆی لەگەڵدا نابێت. لە ڕاستیدا توێژینەوە بە داینامۆی پێشکەوتن و گەشەسەندنی بەردەوام لە هەموو وڵاتێکدا دادەنرێت. ئەگەر لێکۆڵینەوە نەکرێت، زانستی مرۆڤ گەشەناکات، زیاد نابێت و دەوەستێت. گەشەسەندنی بەردەوام و سەرتاسەری لە هەر وڵاتێکدا بە شێوەیەکی بەرچاو پەیوەستە بە فراوانبوونی چەندایەتی و چۆنایەتی چالاکییەکانی زانستی ئەو وڵاتە. زۆر گرنگە کە هەر لە ئێستاوە ڕوانگەیەکی درێژخایەن لە قۆناغەکانی خوێندن بۆ توێژینەوەی زانستی بگرینەبەر، بەشێوەیەک کە لە قۆتابخانەکان دەست پێبکەین و لە زانکۆکان گەشە پێ بدەین تا لە ئایندە بەرهەمی هەبێت. قۆتابیانی ئەمڕۆ توێژەری سبەیینێن کە دەتوانن بە هەوڵەکانی بەردەوامیان سنووری زانست فراوانتر بکەن. بۆیە پێشکەوتنی وڵات پێویستی بە گرنگیدان بە پێگەی توێژینەوە لە بوارە جیاجیاکاندا هەیە. بەبێ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی، کاروباری پەروەردەیی گەشەسەندنی پێویستی نابێت، هەموو ئەو شتانەی کە ئێمە بە پێشکەوتنی زانست لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژوودا دەیناسین، ئەنجامی هەوڵی کەسانێکە کە گرنگی بە لێکۆڵینەوەیان داوە لە کارەکانیاندا، و عەقڵی پرسیارکردنیان هەمیشە هاندەرێک بووە بۆ چالاکییە توێژینەوەکانیان.
پرۆسەی ئەنجامدانی توێژینەوە:
بە گشتی لە هەنگاوی یەکەمدا هەموو لێکۆڵینەوەکان بە پرسیارێک یان چەند پرسیارێک دەست پێدەکەن، ئەم پرسیارانە مێشکی توێژەر داگیر دەکەن و هانی دەدەن هەوڵی وەڵامدانەوەیان بدات. لە هەنگاوی دووەمدا توێژەر لە سەرچاوە زانستییەکانی بواری بابەتەکەیدا دەگەڕێت و بە یارمەتی وەرگرتن لە لێکۆڵینەوەیان، وێنەیەکی ڕوونتر سەبارەت بە ئەو زانستەی کە لەو بوارەدا بەردەستە، دەست دەکەوێت؛ ئەو وێنەیەی کە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی توێژەرانی دیکەی ئەو بوارە دامەزراوە پێی دەوترێت “پێداچوونەوەی توێژینەوەکان”. ئەگەر لەم قۆناغەدا سەرچاوەکان سوودیان بۆ توێژەر هەبێت و ئەویش بە جۆرێک لە جۆرەکان بەکاریان دەهێنێت لە ڕاپۆرتی توێژینەوەکەیدا بە وردی لیستێکی تەواو لە سەرجەم ئەو سەرچاوانەی کە بەکارهێنراون ئاماژەی پێدەکات، ئاماژە بەو سەرچاوانە دەکات لە هەمان کاتدا پەیوەندییەک لە نێوان لێکۆڵینەوەکانی و لێکۆڵینەوەکانی پێشوویدا دروست دەکات. ئەوە نیشان دەدات، متمانەی زیاتر دەدات بە توێژینەوە بەردەوامەکان و پەیوەندی زانستی نێوان توێژەران زیاد دەکات. لە هەنگاوی سێیەمدا توێژەر زانیاری و داتا کۆدەکاتەوە کە دەتوانرێت بکرێنە بنەما بۆ شیکردنەوە و لێکدانەوە لە داهاتوودا کە دەبێتە هۆی دۆزینەوەی وەڵام بۆ پرسیارە سەرەتاییەکان؛ ئەم بەشەی توێژینەوەکە بە کۆکردنەوەی زانیاری و داتاش ناسراوە. لە هەنگاوی چوارەمدا داتای کۆکراوە ڕێکدەخرێن و ئەم ڕێکخستن و پوختکردنە بە شێوەیەک ئەنجام دەدرێت کە توێژەر بتوانێت وەسف و بەراوردکردنی ئەنجامە بەدەست هێنراوەکان بکات. کێشانی هێڵکاری و خشتەکان یەکێکە لە شێوازە ئاساییەکانی ڕێکخستن و کورتکردنەوەی داتاکان. لە هەنگاوی پێنجەمدا توێژەر دەتوانێت بە پشتبەستن بە شیکردنەوەی دەرئەنجامەکانی هەنگاوەکانی پێشوو لێکدانەوەیەکی ڕوون بۆ بابەتی توێژینەوەکە بکات و وەڵامێک بۆ پرسیارە سەرەتاییەکانی بدۆزێتەوە. وە لە کۆتا هەنگاودا دەتوانرێت ئەنجامی توێژینەوە ئەنجامدراوەکان بە یەکێک لە ڕێگا ئاساییەکان لە بڵاوکراوە زانستییەکان بە شێوەی چاپکراو یان ئەلیکترۆنی بڵاوبکرێتەوە. بۆ نموونە ئەنجامەکانی توێژینەوەکان لەوانەیە لە شێوەی ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەی ورد یان کورتدا بێت یان بابەتەکانی زانستی لە گۆڤارەکان، میدیای گشتی، ماڵپەڕەکان یان پێشکەشکردنەکە لە کۆنفرانسە تایبەتمەندە نیشتمانییەکان یان نێودەوڵەتییەکان بڵاوبکرێتەوە. ئەم ئەنجامانە دەتوانرێت لە داهاتوودا لەلایەن توێژەرانی دیکەوە بەکاربهێنرێن و ببنە بنەما و سەرچارە بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر. شارەزایان گەشەی زانستی وڵاتێک تەنیا بە زیادبوونی ژمارەی توێژینەوە بڵاوکراوەکان نازانن کە لە گۆڤارەکاندا بڵاودەکرێنەوە و پێیان وایە زۆرێک لە چالاکییەکانی زانستی لە جۆری بڵاوکردنەوەی توێژینەوەکان نین؛ بۆ نموونە پەرەپێدانی تاقیگەکان، ئەنجامدانی چەندین چالاکیی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا، دروستکردنی ڕوانگەی زانستی جۆراوجۆر، پەرەپێدانی ئامێرەکان، فراوانکردنی پارکە زانستی و تەکنەلۆژییەکان و هتد. ولەبیرمان نەچێت کە بەدەر لەم پرسانە، گەشەسەندنی بڵاوکردنەوەی توێژینەوە ئاستبەرزەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زیاتر پەیوەندی بە گەشەسەندنی ژێرخانی وڵاتەوە هەیە. شایانی باسە کە چەندین هۆکار بەشدارن لە پەرەپێدانی توێژینەوەدا، کە دەتوانرێت بۆ نموونە فاکتەر و ئیمکاناتە فیزیکیەکان و ژێرخانە بنەڕەتییەکان کە توێژەران دەتوانن توێژینەوە لە بوارە جیاوازەکاندا ئەنجام بدەن؛ بۆ نموونە بوونی ئامرازەکانی توێژینەوە وەک ئامێرە پێشکەوتووەکان و تاقیگە و دامەزراوەکانی تۆڕ و کۆمپیوتەر بەشێکێن لەم پێداویستیانە. هەروەها ڕەوتی زانیاری و پەیوەندی زانستی لە نێوان توێژەراندا، کە لە ڕێگەی گۆڤار و سەرچاوە زانستییەکانی دیکەوە بە شێوەی چاپکراو یان ئەلیکترۆنی ڕوودەدات. لە کۆتاییدا بەشی سێیەمی ئەم فاکتەرانەیە کە بریتییە لە سەرچاوە مرۆییەکان و توێژەران کە دەتوانن بە زانیاری و هەوڵی خۆیان لە ئاسانکارییەکانی ئەم ئیمکاناتە کە لە سەرەوە ئاماژە پێدرا کەڵک وەربگرن و پڕۆژەی توێژینەوەی جۆراوجۆر پەرەپێبدەن و جێبەجێی بکەن. هەروەها گرنگیدان دەتوانێت بەشیوەی هاوکاری و پاڵپشتی و یارمەتیدانی دارایی و دابین کردنی بەشێک یان تەواوی تێچووی توێژینەوەکان بیت لە لایەن حکومەت و یان کەرتی تایبەت کە بریتییە لە پرۆسەی ئەنجامدان و بڵاو کردنەوەی توێژینەوەکان لە گۆڤارە نێودەوڵەتییەکان.
پەیوەندی توێژینەوە و گەشەپێدانی وڵات
هەر وەک ئاماژەمان پێدا، توێژینەوە بنەمای گەشەسەندنە و بە گەرەنتیی بەردەوامبوونی گەشەپێدان لە وڵاتان دادەنرێت. هەروەها، جێبەجێکردنی ئەنجامی توێژینەوەکان کە لە هەر بوارێکدا ئەنجام دەدرێن دەبێتە هۆی باشترکردنی چارەسەر و شێوازی هاوبەش لە بوارە جیاجیاکاندا. یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی پێشکەوتن لە وڵاتانی گەشەسەندودا گرنگیدانی تایبەتە بە توێژینەوە، لە بنەڕەتدا هەر جۆرە پێشکەوتن و گەشەکردنێک پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە توێژینەوەی زانستییەوە هەیە. گەشەسەندنی وڵاتانی پێشکەوتووش دەرئەنجامی وەبەرهێنانە لە کەرتی توێژینەوەدا؛ چۆنایەتی و چەندایەتی توێژینەوە زانستییەکان لە وڵاتانی پێشکەوتووی پیشەسازیدا ئاماژەیە بۆ ئەم ڕاستییە. گەشەسەندنی زانست بەرهەمی کاری توێژینەوەیە و چەندایەتی و کوالیتی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی لە هەر کۆمەڵگایەکدا بنەمای گەشەکردن و پێشکەوتنی ئەو کۆمەڵگایە. هەر ئەم لێکۆڵینەوەیە شارستانیەتی مرۆڤی دروست کرد و بازنەی کاریگەری مرۆڤی لەسەر گەردوون فراوانتر کرد. ئەگەر مرۆڤ ئەمڕۆ بتوانێت بچێتە بۆشایی ئاسمان، ئەوا ئەم سەرکەوتنە جگە لە لێکۆڵینەوەکانی هیچی تر نییە؛ لێکۆڵینەوە گرنگترین ڕێگایە بۆ دۆزینەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات. بە داخەوە ئێستا ئەم توێژینەوانەی کە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن و لە گۆڤارەکانی ناوخو یان نێودەوڵەتی بڵاو دەکرێنەوە ئەنجامەکانیان یان جێبەجێناکرێن یان دەتوانین بڵێین زۆر بە کەمی جێبەجێدەکرێن! کاتی ئەوە هاتووە کە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان پەیوەندی زانستی بەشێوەی کردەوە (نە بە قسە و حوبری سەر کاخەز!) لە گەڵ وزارەتەکان و کەرتی تایبەت دروست بکەن. گرنگیدان بەو پەیوەندییە زانستیانە و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ پێشخستنی تواناکان لە هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی نوێی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە؛ هەر لەو چوارچێوەیەش پەیمانگای داهێنان و نوێگەری کوردستانی بۆ هاندانی توێژەران، بەتایبەتی گەنجانی کوردستان و پێشخستنی هەرێمی کوردستان، دامەزراند. هەروەها وزارەتی خوێندنی باڵاش هەموو سالێک بۆدجەیەکی تایبەت تەرخان دەکات بۆ توێژینەوەی زانستی. بەڵام ئەنجامی توێژینەوەکان نابێت تەنها وەک “ئەنجامێک” بمێنێتەوە و پێویستە لە بوارە جۆراجۆرەکاندا بەکاربهێنرێت بۆ باشترکردنی کوالیتی و گۆڕینی شێوازە ئاساییەکان. بە کورتی دەکرێت پرۆسەکە بەجۆرێک بێت کە حکومەت و کەرتی تایبەت کێشەکانیان بە شێوەی پڕۆژە/پرۆپۆزال بۆ زانکۆکان بنێرن. زانکۆکان لە رێگای مامۆستایانی شارەزا و پرۆژەکانی ماستەر و دکتۆرا دەست بە کار کردن لە سەر ئەم پرۆژانە دەکەن و بە پلانێکی زانستی دیاریکراو لە ماوەی دیاریکراودا چارەسەری زانستی بۆ کێشەکان دەدۆزنەوە. ئەنجامی توێژینەوەکان وەک ڕاسپاردە دەنێردرێت بۆ حکومەت یان کەرتی تایبەت، کە پێویستە گرنگی بەو چارەسەرە زانستیانە بدەن کە زانکۆکان لە ڕێگەی توێژینەوەی زانستییەوە بەدەستی دەهێنن. ئەنجامەکانی توێژینەوە دەبنە سەرچاوە بۆ توێژینەوەکانی ئایندە و دەوڵەمەند کردنی زانست. بەڵام هیچ شتێک لەوە گرنگتر نیە کە دەست بکرێت بە کارکردن لەسەر ئەنجامەکان تا ئاستی جێبەجێکردن و لەكۆتاییدا ببێتە چالاکییەکی پراکتیکی و بەرهەمدار و سامان دروستکەر کە سوودی هەبێت بۆ خۆی و دەوروبەری و بۆ هەموو كوردستان. زۆر پێویستە بۆ هەر بڕیارێکی گەورە و ستراتیژی کە لە لایەن حکومەتەوە دەدرێت هاوپێچێکی توێژینەوەی لە گەڵ بێت کە بە دڵنیاییەوە ئاماژەدان بە ئەنجامەکانی توێژینەوە فاکتەری سەرەکی دەبێت لە بڕیاردانی ڕاست و دروست. با ئەم پرسیارە بکەین کە ئایا بڕیاری جێبەجێکردنی ئەم هەموو سیستەمە نوێیە لە وزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردە ئەنجامی توێژینەوەی مەیدانی بووە؟ هەر بۆ نموونە کاتێک بڕیار درا کە کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی تایبەت کەم بکرێت بووە هۆی خۆشحالی دایک و باوکی قۆتابیان. بەڵام لە هەمان کاتدا زانکۆکانیش دەستیان کرد بە کەم کردنەوەی خەرجییەکان وەکو هێنانی مامۆستای کەم ئەزموون بە مۆچەی کەم، کەم کردنەوەی پێداویستییەکانی زانستی و تاقیگە، کەم کردنەوەی چالاکییەکانی زانستی قۆتابیان هتد. لە بەر ئەوەی کە بڕیارەکە بە پێی لێکۆڵینەوە و داتای پێویست و سەردانی مەیدانی و بەداواداچوون نەدرابوو، زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکان بە ئاسانی کەم کردنەوەی کرێی خوێندنیان قەرەبوو کردنەوە! کە لە ئەنجامدا کاریگەری نەرێنی هەیە لە سەر ئاستی زانستی زانکۆکان و قۆتابیان!
دەرئەنجام:
گەشەسەندنی داهاتووی توێژینەوە لە هەر وڵاتێکدا پەیوەستە بە فراوانکردنی توێژینەوەی ئاڕاستەکراو لە پەروەردەی ئەو وڵاتەدا کە لە ئاستی خوێندنی سەرەتاییەوە دەست پێدەکات و تا دوای کۆتایی خوێندنی زانکۆ بەردەوام دەبێت. پێشهاتەکانی ژیانی مرۆڤ لە سەدەی بیست ویەک دا زیاتر گرنگی زانست و توێژینەوەی زانستی دەریخستووە. وڵاتانی پیشەسازی و گەشەسەندوو، بە ئاگاداربوون لە ڕۆڵی توێژینەوە لە دروستکردنی تەکنەلۆجیا و خێراکردنی گەشەپێدان، سەرنجی خۆیان چڕکردوتەوە لەسەر بەهێزکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی توێژینەوە. بۆیە دەکرێ بڵێین پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان پێشکەوتنی کەرتی توێژینەوە و خێراکردنی گەشەسەندنی گشتگیر و بەردەوام لە هەموو وڵاتێکدا هەیە. ڕۆڵی توێژینەوە لە گەشەپێدانی بەردەوامی سەرتاسەریدا ئەوەندە دیار و حاشا هەڵنەگرە کە بەبێ گومان دەتوانرێت بە داینامۆی گەشەپێدان لە هەموو بوارەکاندا بە کولتوور، ئابووری، سیاسەت، پیشەسازی و بە شێوەی گشتی لە کۆمەڵگادا هەژمار بکرێت. ئامانج و ئەنجامی توێژینەوە بە واتای بەرهەمهێنانی زانست دێت؛ ئەم بەرهەمە دەبێت لە خزمەت گەشەپێدانی هەموو سەکتەرەکان بێت. بە بێ بەشداری کردن لە دوزینەوەی رێگەچارەی زانستی بۆ کێشەکانی کۆمەڵگا و حکۆمەت لە رێگەی توێژینەوەی زانستی بەهەمدار، زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی ڕاستەقینەکەیان لە دەست دەدەن. زانکۆکان بە توێژینەوەی زانستی بەرهەمدار نە تەنیا ئاستی زانستی خۆیان بەرز دەکەنەوە بەڵکو بەشدار دەبن لە چارەسەرکردنی کێشەکانی حکۆمەتیش. بە داخەوە کە ئێستا بە پێچەوانەوە، حکۆمەت خەریکی چارەسەرکردنی کێشەکانی زانکۆکانە!