دێسکی وەرزشی زاری کرمانجی:
فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان، لەبڵاوکراویە دەرەئجامی کۆبونەوەیاندا سزایەکی قوورسی بەسەر یانەی رواندز ـدا سەپاند.
ئەو سزایە دوای رووداوەکانی یاریی نێوان رواندز و هەولێر دێت کە شەممەی رابردوو بەیەکسانبوون بە دوو گۆڵ تەواو بوو.
ئەمڕۆ دووشەممە (20ـ3ـ2023) بە ئامادەبوونی سەرۆک و جێگری سەرۆک و سکرتێر و ئەندامانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیان ئەنجامدا و تیایدا کۆمەڵێک بڕیار و راسپاردە دەرکران لەنێویشیاندا سزادانی یانەی رواندز بوو بەبێبەشکردنی لە یاریی کردن لەنێو یاریگەی خۆی.
لەدەقی سزادانەکە نووسراوە، “بەهۆی دەرچوونی هاندەرانی یانەی رواندز لەگیانی وەرزشی و هێرشکردنە سەر ناوبژیوانی یاریی و بریندارکردنی بڕیادرا بە ئەنجامدانی یارییەکانی داهاتووی یانەی رواندز لەم وەرزە و لەوەرزی داهاتووش (2023ـ2024 ) لەدەرەوەی یاریگەی خۆی و بەبێ ئامادەبوونی جەماوەر.
بەهۆی ئەو رووداوانە چارەسەرکار یانەکەش سڕکرا.
لە پەراوێزی ئەو بڕیارانە ئاماژە بەوەش دراوە، “دوورخستنەوەی چارەسەرکاری یانەی رواندز ”نەوزاد سمکۆ حسین“ لەسەرجەم خولەکانی کوردستان بۆ هەتاهەتایی.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو: “پێبژاردنی یانەی رواندز بەبڕی 2 ملیۆن دینار. هاوکات سوپاسی یاریزانان و دەستەی هونەری یانەی رواندز دەکات، بەهۆی نواندنی هەڵسووکەوتی جوان لەکاتی رووداوەکە بەتایبەت یاریزان”ئەحمەد کەوکەز“، کە بووەتە قەڵخان و بەربەست بۆ پاراستنی ناوبژیوانان بۆ ئەوەی زیاتر زیانیان پێ نەگات، وە لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستانەوە خەڵاتی تایبەتی یاریزانی نموونەیی و رێزلێنان و رەوشتی جوانی پێدەبەخشرێت.