زاری کرمانجی – ڕواندز :
ساڵانە بە هۆی یاد و بۆنە نیشتمانی و نەتەوەیییەکان، گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە شوێنە گەشتیارییەکانی قەزای ڕواندز دەکەن، هاوکات لە جەژنی نەورۆز دا، سەیرانگای بێرۆیان لە دۆڵی ئاکۆیان بە هەزاران لە هاوشارییان و هاونیشتمانییانی شارەکانی تری دەوروبەری ڕواندز لە باوەش دەگرێت.
چیای محەممەد بەرپرسی بنکەی گەشت و گوزاری ڕواندز لەبارەی ئامادەکارییەکانی خۆیانەوە بەزاری کرمانجی ڕاگەیاند: “بە بۆنەی یادەکانی ئادار و نەورۆز ئامادەکاری تەواومان کردووە، بەتایبەت لەگەڵ قایمقامیەت و بەرگری شارستانی و لیژنەی ئابووری و تەواوی دەزگا ئەمنییەکانی شار، بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی جەژنی نەورۆز سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان بکەن، هەروەها لیژنەی ئابووری ڕاسپێرراوە کە ڕۆژانە چاودێری بازاڕ و شوێنە گەشتیارییەکان بکات بۆ ئەوەی لە هەر کێشە و گرفتێک ئاگادار بن بەتایبەت لە ڕووی نرخ و جۆری خواردن
لەبەر ئەوەی خەڵکێکی زۆر لەو کاتانە سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی ڕواندز دەکەن
سەیرانگای بێرۆیان پێشتر کێشەی (wc) مان هەبوو لەو ناوچەیە، بەڵام بۆ ئەمساڵ بەهاوکاری یەکێک لە هاووڵاتییانی گوندی ئاکۆیان توانیومانە 6 wc دروست بکەین، هەروەها ساڵانە بەمەبەستی پاکڕاگرتن و پاراستنی سروشت لە پیسبوون و زیانگەیاندن پێی، وەکوو بنکەی گەشت و گوزاری ڕواندز بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای پاپاگروپ، ڕێنمایی بەسەر سەردانیکەران و گەشتیاران دابەش دەکەین و لەگەڵ پێدانی لایلۆنی زبڵ، ئێوارانیش هەڵدەستین بە پاککردنەوەی ئەو شوێنانەی گەشتیاران ڕوویان تێ کردووە.”