زاری كرمانجی:
د. دلاوەر ئاژگەیی، بەرپرسی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە یەكیەتی ئەوروپا، لە گفتوگۆیەكی لەگەڵ پێگەی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، باس لەوە دەكات كە بابەتی هەناردەكردنی بەرهەمی ناوخۆ كاری باشی لەسەر كراوە و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە سەردانی بڕۆكسێلی كرد و لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی بەلجیكا و هۆڵەندا و بەرپرسانی هەرێمەكان كۆ بووەوه، یەكێك لە بابەتە گرنگەكان ئەوەبوو كە یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدەن لەبارەی بەبازاڕكردنی بەرهەمە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان لە ئەوروپا.”
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تەنیا لە ساڵی رابردوو 217 دیدار و گفتوگۆ و سەردان و پێشوازی هەبووە لەگەڵ سەرۆك و وەزیر و كەسایەتییە سیاسی و ئابووریی وڵاتان، بەتایبەت یەكیەتی ئەوروپا، لە زۆرینەیان بەدەر لە باس و خواسی پرسە سیاسییەكان، بە جدییەوە باس لە فەراهەمكردنی بازاڕی جیهانی و وڵاتان بۆ بەرهەمەكانی جوتیارانی كوردستان كراوە.
بەرپرسی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە یەكیەتی ئەوروپا، ئەوەش دەڵێ:”یەكیتیی ئەوروپا بازاڕێكی گەورە و كێبڕكێیەكی زۆری تێدایە، ئەگەر هەرێمی كوردستان بتوانێت ئەو دەرگایە بكاتەوە سوودێكی زۆر بە كەرتی كشتوكاڵ و داهاتی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت، و بەرپرسانی یەكیەتیی ئەوروپا بە خۆشحاڵییەوە ئەو بیرۆكەیان پێ باش بوو، چونكە دەیانەوێت زیاتر لەو ڕێگەیەوە یارمەتی هەرێمی كوردستان بدەن، بەڵام ئەمە پێویستی بە هەندێك ڕێكار هەیه، كە دەبێت لە ڕێگەی یەكێك لە وڵاتانی یەكیەتیی ئەوروپا بكرێت، بۆ ئەوەی بەرهەمی ئێمە بگاتە بەلجیكا و هۆڵەندا، دواتر دەتوانرێت بۆ هەر ٢٧ وڵاتی یەكیەتیی ئەوروپا هەناردەی بكەین”.
لە هەناردەكردنی بەرهەمی هەناردا، حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێككەوتنی لەگەڵ زنجیرە ماركێتە جیهانییەكان كرد بۆ ئەوەی ئەو بەرهەمەی جوتیاران بخاتە نێو بەرهەمە ئۆرگانیك و سروشتییەكانی خۆیەوە كە لە وڵاتان دەفرۆشرێن. دكتۆر دلاوەر، لەم بارەوە باسی لەوە كرد، كە ئەوان هەر وەك دۆزینەوەی كۆمپانیا و ماركێتێكی جیهانی بۆ بەبازاڕكردنی هەنار، كاریان لەسەر بەرهەمی دیكە كردووە تا رێك بكەون بۆ ئەوەی بەرهەمەكانی كوردستان بە سەر بازاڕی وڵاتان دابەش بكەن و “بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵدا شاندێك لە بەلجیكا بێن و لەسەر ئەوە دیراسە بكەن و تاقیگەیەك لە هەرێمی كوردستان دەستنیشان بكەن بۆ ئەوەی لەگەڵ تاقیگەیەكی بەلجیكا بە هاوبەشی كار بكەن، بۆ ئەوەی بە پێی ستانداردی ئەوروپی بڕوانامە بە بەرهەمەكانی هەرێمی كوردستان بدەن و دواتر هەناردەی بكەین و پێشبینی دەكەین لە ماوەیەكی زوودا بەرهەمەكانی هەرێمی كوردستان لە بازاڕەكانی ئەوروپا ببینین”.