“بەهۆی نەبوونی راهێنەری مێینە، وازم لە یارییكردن هێنا”
شەهدە فاتیح ـ زاری كرمانجی:
ژینگە محەمەد، لەدایكبووی ساڵی 2000ـی قەزای قەڵادزێی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینە. خانمێكی سەركەوتووی بواری تۆپی پێیە و ماوەی 10 ساڵە بەبێ دابڕان وەك یاریزان، راهێنەر خزمەتی وەرزش دەكات.
ژینگە، هەر لەمناڵییەوە حەز و خولیای تۆپی پێی هەبووە و لە ساڵی 2009 وە روویكردووەتە وەرزش، سەرەتا لە تیپی قوتابخانەوە دەستی پێكردووە، دواتر یاریی بۆ فێرگەی كچانی تۆپی پێی قەڵادزێ و یانەی قەڵادزێش كردووە، خاوەنی بڕوانامەی دبلۆمە لە بواری وەرزش و لەئێستاشدا قوتابی قۆناخی دووەمی خوێندنی بەكالۆریۆسە لەزانكۆی سلێمانی. ئەم خانمە بەشداری (4) خولی تایبەت بەفێرگەكان و (3) خولی تایبەت بەناوبژیوانی كردووە لەناوەوە و دەرەوەی كوردستان. هەروەها لەساڵی 2019 وەك یەكێك لەچالاكترین خانمانی بواری وەرزش هەڵبژێردراوە، بەو بۆنەیەوە بانگهێشتی یاری كلاسیكۆی نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا كراوە. ئەم خانمە سەرەڕای ئەزموونە كەمەكەی بەڵام توانیویەتی ئاشنایەتی لەگەڵ چەند راهێنەرێكی فێرگەیەكی تۆپی پێی مەكسیكی بەناوی (Tigres Fuerzas básicas ) دروست بكات و پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵیاندا هەیە.
ژینگە، لەدیدێكی زاری كرمانجیدا دەڵێت: “لەساڵی 2015 چەندین كچ بەهۆی ڕێگری خێزانەكانیانەوە، بەبیانووی ئەوەی كە گونجاو نییە كچەكانیان لەژێر سەرپەرشتی راهێنەری پیاو یاریی بكەن، وازیان لەتیپەكە هێنا، بەوهۆیەشەوە تیپەكەیان هەڵوەشایەوە.”
نەبوون یان كەمی راهێنەری خانم وایكردووە ئەم خانمە بیر لەكاری راهێنەرایەتی بكاتەوە، ئەمەش دەبێتە دەستپێكێكی باش بۆ ئەم خانمە كە فێرگەی تۆپی پێی قەڵادزێ پێشنیاری بۆ دەكەن كە لە فێرگەكەیان دەست بەكاری راهێنەرایەتی بكات، چونكە لەوكاتەدا فێرگەكە هیچ راهێنەرێكی خانمی نەبوو، وە خانمان لەنێو وەرزشدا زۆر كەم دەبینران، خۆشبەختانە ئێستا ئەو ژمارەی روو لەزیادبوونە و خانمان بەشدارییەكی باش دەكەن وەك یاریزان، راهێنەر و هاندەر.
هەروەها رایگەیاند: “فێرگەكەمان پڕۆژەیەكی ئەكادیمی زانستییە بۆ پێگەیاندی منداڵان، بیرۆكەی فێرگەكە بیرۆكەی هەردوو مامۆستایان (عەبدولڕەحمان ئەحمەد و فەرەیدوون ئەحمەد) بوو، كەتوانییان خەونی دروستكردنی بكەنە ڕاستی و لەڕێگەی رێكخراوی (CCPA)ـی دانیماركییەوە خولی راهێنان بۆ ڕاهێنەرانی فێرگەكە بكرێتەوە و بڕوانامەی باوەڕپێكراویان پێ ببەخشرێت.”
ئاماژەش بەوە دەكات، كە لەساڵی 2017 وە بەفەرمی وەك راهێنەری فێرگەی تۆپی پێی قەڵادزێ دەستی بەكاری راهێنەرایەتی كردووە و ئامانجییان پەروەردەكردنی یاریزانە بەشێوەیەكێ رێك و پێك، دواتر فێركردنیان بەشێوازی زانستی و ئەكادیمی، وە خۆشبەختانە ساڵانە ژمارەیەك یاریزان لەفێرگەیانەوە بۆ تیپە میللییەكان، یانە، هەڵبژاردە و تیپی تازە پێگەیشتوانی یانەكە بەڕێدەكرێن.
هەروەها گرنگی زۆر بە پێشكەوتنی فێرگە و منداڵەكان دەدەن بەشێوازێكی سەربەخۆ، بۆ ئەو مەبەستەش وەك فێرگە بەشداری چەندین خولی نێوخۆیی و نێودەوڵەتییان كردووە، وە فێرگەكەیان دووجار بەشداری خولی تۆپی پێی كردووە لە ئیتاڵیا.
خانمە راهێنەرەكە زیاتر لەبارەی خۆیەوە دەدوێت و دەڵێت: ” باشترین راهێنەری نێوەخۆ لای من مامۆستا (زاگرۆس رەفیق) ـە، كەتوانی دوای 20 ساڵ جارێی دیكە یانەی قەڵادزێ بۆ خولییانە پلە یەكەكان سەربخاتەوە و باشترین یاریزانیش (فەرمان ئەحمەد)ـی ناسراو بە فەرمان بێكهامە. وە هاندەری یانەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئارجێنتینام، نموونەی باڵاشم لەتۆپی پێ لیۆنێل مێسی ـیە و لەڕاهێنەرانیش (پێپ گواردیۆلا) ـیە”.
ژینگە، وەك خانمێكی دەگمەن لەتەمەنێكی بچووكەوە دەستی بەكارێكی گەورە كرد، ئەویش كاری راهێنەرایەتییە، سەرەڕای ئەوەی دان بەوەدا دەنێ كە كارێكی قورسە، بەڵام دەشڵێت حەزە وەرزشییەكەی هێندە زۆرە كەدەتوانێت بەسەر كۆسپ و بەربەستەكاندا زاڵ بێت، وە هیوادارە بتوانێت رێگە خۆشكەر و یارمەتیدەربێت بۆ ئەو خانمانەی كە دەیانەوێت لەبواری وەرزشدا بێنە پێشەوە، وە بتوانێت كارێك بكات كە وەرزشی خانمان زیاتر بەرەو پێش بچێت.
ئاماژەش بەوەدەكات لەئێستادا لەكوردستان وەرزش بەرەو پێش چووە و داواكارە كچان متمانەیان بەخۆیان هەبێت و بێنە مەیدانەوە. وە ئارەزووی ئەوە دەكات راهێنەرایەتی تیپی كوڕان و كچانیش بكات لەداهاتوودا. ئەم خاتوونە لەسەرەتای دەسپێكی كارەكەیەتی و ئامانجی ئەوەیە بڕوانامەی دكتۆرا بەدەست بهێنێت لەبواری وەرزش، وە خزمەتی زیاتری ئەو منداڵانە بكات كە خولیای وەرزش و بەتایبەت تۆپی پێیان هەیە، ژینگە دڵخۆشە بەوەی كە هۆكارێك بووە بۆ بەدیهێنانی خەونی كۆمەڵە مناڵێك و پێی وایە ژمارەی یاریزانان بەردەوام لە زیادبوونە و ئەگەر دەستكەوتی دارایی بۆ یاریزان و وەرزشوانان دابین بكرێت، بەدڵنییاییەوە رێژەكە هەڵدەكشێت دەبێتەوە.