“بەهۆی هاوكاری مەلا مستەفا بارزانی ـەوە پەرەم بەتواناكانم دا”
سەردار قازی ـ سۆران:
بە كامێراكەی دەستی خەریكی چركاندنی وێنەی یاریزان و هاندەرەكانی یاریگەكانە، بێگودان بە ئاستەنگەكان لەهەموو بارێكدا ئەشقی كامەران بۆ تۆپی پێ چرۆ دەكات و دەیهێنێتە گۆشەیەكی یاریگە، تا دیمەنە سەرنج راكێشەكان تۆماربكات.
تەمەنێكی كەم و تالێنتێكی زۆر، وزەیەكی لەرادەبەدەر بۆ كار و حەزێك بێ مەودا كامەران و كەل و پەلەكانی دەباتە یاریگە جیاوازەكانی كوردستان.
زۆرجار لە پڕێكدا دیمەنێكی ناوازە سەرنجمان كێش دەكات لەسەری نووسراوە ”كامەران باڵەكی“، بەجۆرێك لەنۆسیالۆژیاماندا والێكی دەدەینەوە، كە خودانی ئەم دیمەنە تەمەنێكە پەنجە دەخاتە سەر پاوەرەكەی كامێرا چركەی وێنە دەكات، بەڵام لەراستیدا لاوێكی 17 بەهارییە و تازە خونچەی تەمەنی وەنەوز دەدات و لەنێو سەوزایی باڵادا دەدرەوشێتەوە.
كامەران عەبدوڵڵا، خەڵكی گوندی باڵەكیان سەر بە قەزای سۆرانە، فۆتۆگرافەری تایبەتی یانەی شارەكەیەتی، دەیەوێ لەرێگەی تالێنەتەكەیەوە خۆی بەجیهان بناسێنێت.
كامەران پتر لە سێ ساڵە فۆتۆگرافەرە و ئەو خێزانەكەی بە هۆكاری پشت سەركەوتنەكانی دەزانێت، لە بارەیەوە گوتی: “خێزانەكەم زۆر هاوكارم بون ئەوان رێگریان نەكرد لەوەی وەرزش هەڵبژێرم. بەتایبەت باوكم كە هەمیشە وەك قەڵایەك لەپشتمدا وەستاوە.”
كامەران، ئەوە رووندەكاتەوە كە گەر پاڵپشتی دڵسۆزانی نەبوایە نەیدەتوانی درێژە بە رێبازەكەی بدات و جوانی دیمەنی نێو یاریگەكان لەنێو زوومەكەیدا بەرجەستە بكات.
بەجۆرێك ئەشقی كارەكەیەتی، كە دەڵێت ئامادەیە بەخۆبەخش بیكات.
ئەو فۆتۆگرافەرەی سۆران جۆری كامێراكەی ئاشكرا دەكات: “كامێراكەم لە جۆری nikon d5 لێنزیكەی sigma 150-600 یە.”
باسی دڵخۆشی خۆی دەكات: “كاتێك بەرهەمێكی خۆم دەبینم
لە سۆشیال میدیا هەستێكی خۆشم دەبێت كە توانیومە خزمەت بكەم بەو كارانەی كە كردومە دڵخۆشم كە خەێك لێی رازین و پێشوازی لێدەكەن.”
بوونی زۆری ئەو لەنێو یاریگەكاندا كار ئاسانی ئەوەیشی بۆ كردووە، كە باشترینەكان دیاریبكات.
لەمبارەیەوە دەڵێت: ” باشترین راهێنەر لای من رەفیق سەعید راهێنەری سۆرانە، هەروەها باشترین یاریزانەكانیش لە ئیدارەی سۆران لای من ئەمانەن ( هاوگار سەعدی كاپتنی یانەی سۆران، رێزدار وەلی، ئاراز ئەنوەر، رەنجاو موسلیح، گەیلان سادق و هۆگر سەعدی)، لەنێو دێرینەكانیشدا فەرهەنگ سەعدی هەڵدەبژێرم، كە ئیستا وازی هێناوەو بووە بە سەرپەرشتیاری تیمی تۆپی پێی یانەی وەرزشی سۆران.”
روونكردنەوەی زیاتر دەدات: “باشترین یاریزان لە كوردستان لای من كاپتن هاوگار سەعدییە، چونكە بە رۆحیەت یارییدەكات.”
ئامانجی داهاتووی دەخاتەڕوو: “ئامانجی داهاتووم خزمەت كردنە بە وەرزشی كوردستان و شارە خۆشەویستەكەم.”
لەدوا پەیڤەكانیدا ئەوەشی گووت: “زۆر سوپاسی بەرێز مەلا موستەفا بارزانی ”شێخ بابۆ“ دەكەم، كە یارمەتیدەرم بوو بو بۆ دەست هێنانی ئەو كامیرایە و گەیشتن بەخەونەكەم.”