مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
زۆر جار بەشێك لە گەنجان، نا رۆشنبیریی و نا هۆشیاریی خۆیان دەبەستنەوە بۆ نەبوونی چالاكی رۆشنبیریی و پەروەردەیی و فێركردن و، پێیان وایە، لەو كۆمەڵگەیەدا پەراوێز خراون و هیچ كەس و لایەنێك بایەخیان پێ نادات. گەنجێك ئەم جۆرە قسانە تەنیا وەك بیانوویەك دەبینێت و بە خۆ دزینەوە و جۆرێك لە تەمبەڵی گەنجان وێنای دەكات، ئەو دەڵێ هەموو كەسێك دەتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت و خۆی پەروەردە بكات و پێویستی بە كەسیش نەبێت.
سیامەند مەولوود، خوێندنەوە بە قوتابخانەیەك دەزانێت بۆ پەروەردەبوونی خود و دەڵێ: ” هەر گەنجێك ساڵی 10 پەرتووك بخوێنێتەوە بەسە بۆ ئەوەی زانیاری زیاتر بۆ هزر و بیری زیاد بكات و مەودای بینین و هەڵسەنگاندن و شرۆڤەكردنی ڕووداوەكان زیاتر بكات، خوێندنەوە ئاستی تێگەیشتن و دونیا بینینی مرۆڤ پێش دەخات و وای لێ دەكات جیاوازتر دەربكەوێت لە گەنجانی تر،”
سیامەند لایەنی هونەریش بە هۆكارێك دەزانێت بۆ ڕۆشنبیربوون و دەڵێ:”بۆ ئەوەی زیاتر ڕۆشنبیر بێت، دەبێت بەشداری لە هەر چالاكییەك یان كۆنفرانسێكدا بكەیت كە پەیوەندی بە هونەرەوە هەبێت، لەوانە بەشداریكردن لە پێشانگای فۆتۆگرافی، پێشبڕكێی شیعر، گەلەری، سەیركردنی شانۆنامە، ئەم چالاكییانە تێكەڵ بە كەسانی ترت دەكات و ڕێگە دەدات زانیاری كولتووری زیاتر بەدەستبهێنێت لە ئەنجامی بەردەوام ناسینی كەسانی نوێ.”
ئاراز مەغدید، پێی وایە:“ گەشتكردن و ناسینی كەسانی جیاواز و فێربوونی زمانی نوێ، گەنجان لە قۆناخێكەوە دەگوازێتەوە بۆ قۆناخێكی بەرزتر و دەڵێ: “سەفەركردن و ناسینی كەسانی نوێن ڕێگەیەكی كاریگەرە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی ڕۆشنبیری گەنج، هەروەها لە لایەكی ترەوە بینینی جیهان لەڕێگەی سەفەرەوە دەتوانرێت شارەزایی زیاتر لەسەر كولتووری نەتەوەكانی تر پەیدا بكەیت و، لەو ڕێگەیەوە دەرفەتێك لەبەردەم تۆ دەڕەخسێت بۆ بینین و بیستن و بۆنكردن و تام كردن و دەست لێدانی هەموو ئەو شتانەی كە تازەن بەلای تۆ،”
ئاراز، فێربوونی زمانی نوێ بە دەروازەیەك دەزانێت بۆ پەروەردەی زیاتر و بەرەوپێشچوونی ڕۆشنبیری و، دەڵێ: “ڕێگایەكی تر كە ڕۆشنبیری بەرەو پێش دەبات فێربوونی زمانی نوێیە، بۆیە ئەگەر گەنجان دەیانەوێت زیاتر پێش بكەون، دەبێت دەستبەجێ دەست بە فێربوونی هەر زمانێكی دڵخواز بكەن، بە تەرخانكردنی دوو كاتژمێر لە هەفتەیەكدا بۆ بەشداریكردن لە هەر كۆرسێكی فێربوونی زمان، كە ئەوەش لە ئێستادا ئاسانترین ڕێگایە كە دەتوانیت هەر لە ماڵەوە یەكێك لە بەكارهێنانی بەرنامە بێبەرامبەرەكان كە لەلایەن ئینتەرنێتەوە دابین دەكرێن سوودی لێ وەربگریت و خۆت فێری زمانێكی تر بكەیت.”
ئاڵا سامی هەمان قسەی سیامەند دووپات دەكاتەوە و ئامۆژگاری گەنجان دەكات تا دەتوانن پەرتووك دەربارەی كارامەیی كۆمەڵایەتی بخوێننەوە، بۆ ئەوەی جیاواز تر دەربكەون لە نێو كۆمەڵگە، ئەو دەڵێ: “چەندین كتێبی گەشەپێدانی هزری و كۆمەڵایەتی بەردەستن، كە ئامۆژگاری پێشكەش دەكەن و یارمەتیدەرن بۆ فێربوونی كارامەیی كۆمەڵایەتی، ڕێگاكانی دەستپێكردنی گفتوگۆ و مامەڵەكردن لەگەڵ كەسایەتییە جیاوازەكانی نێو كۆمەڵگە بە شێوەیەكی زیرەك، بەڵام پشت بەستن بە خوێندنەوەی كتێب تەنیا بەس نییە بۆ ئەوەی مرۆڤ لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە دروست بكات، بەڵكوو ئەو بیرۆكە و شێوازانەی لە كتێبەكانەوە باسكراوە، دەبێت پراكتیزە بكرێن، بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرین،”
ئاڵا ئەوەش بیر گەنجان دەهێنێتەوە كە چالاكی جۆراوجۆری خۆبەخشی بناغەی كەسایەتی مرۆڤ بەهێزتر دەكات و دەڵێ: “كاری خۆبەخشی بە یەكێك لە گرنگترین و بەسوودترین ئامرازەكان دادەنرێت بۆ پەرەپێدانی كەسایەتی تاك و زیادكردنی كولتوورەكەی و تێكەڵكردنی لەگەڵ كۆمەڵگادا، كولتووری خۆبەخشی هەوڵ دەدات كارامەیی و زانیاری زیاد بكات، دەرفەتێكە بۆ ناسینی ئەوانی تر و دۆزینەوەی هاوڕێی زیاتر، هەروەها بناغەی كەسایەتی بەهێزتر دەكات.”
توانا محەممەد پێی وایە، قوتابخانە و زانكۆ و پەیمانگاكان تاكە شوێن نین بۆ بەدەستهێنانی ڕۆشنبیری و دەڵێ: “قوتابخانە یان زانكۆ تاكە شوێن نین بۆ بەدەستهێنانی ڕۆشنبیری و ئەزموون، بەڵكوو دەكرێت بە گەڕان بەدوای خولی پەروەردەیی لە ئینتەرنێت و ئەو بابەتە لێهاتووییدا بگەڕێیت كە مرۆڤ دەیەوێت خۆی پێ پەروەردە بكات، و زانیارییەكانی لەو بارەیەوە زیاد بكات، بۆیە ئینتەرنێت هیچی كەمتر نییە لە زانكۆ و قوتابخانەكان بۆ ئەوەی گەنجان خۆیانی لێ پەروەردە بكەن،”
ئەوەش دەڵێ:”ڕۆشنبیری سنووردار نییە بەو شتانەی كە تاك لە مامۆستاكەی فێری دەبێت، بەڵكوو پەیوەستە بە فراوانكردنی تۆڕی ئەو زانیارییانەی كە فێری بووە، هەروەها دەكرێت دەست بە فراوانكردنی ئەم تۆڕە بكرێت، بەدەستهێنانی زانیاری كە سوودی بۆ گەنجان هەبێت لە ژیانیدا.”