سەردار قازی ـ زاری کرمانجی:
ئێوارەی دوێنێ هەینی، لە سنووری شارەدێی قەسرێ ـی سەر بەقەزای چۆمان، ئوتۆمبێلێک سووتا و دوای کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، بەرگری شارستانی هۆکارەکەی روونکردەوە.
لەگوندی رەشدوور ـی شارەدێی قەسرێی قەزای چۆمان، ئوتۆمبێلێک گڕ دەگرێ، بەگوتەی خۆیان هەر زوو تیمەکانی بەرگری شارستانی دەگەنە شوێنی مەبەستن و ناهێڵن زیاتر بسووتێ.
لەدیمەنەکان دیارە کە گڕە لەبەشی پێشەوە بووە و هەر ئەوێش زۆرترین زیانی بەرکەوتووە.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران هۆکاری گڕگرتنەکەی خستووەتە روو و دەڵێت: “کاتژمێر 4:45 خولەک ئاگادار کراینەوە، کە ئوتۆمبێلێک ئاگری گرتووە لە گوندی رەشدور، ئینجا تیمی ئامادە باشی بنکەی بەرگری شارستانی قەسرێ دەرچوون بۆ شوێنی ڕووداو، توانیان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و زیانە ماددییەکان کەم بکەنەوە.”
ئەوەشی زیادکردووە، کە بەگوێرەی راپۆرتی تیمی ناوبراو ئوتۆمبێلەکە لە جۆری ئۆپڵ ڤیکترا بووە، هۆکاری رووداوەکە شۆڕتی کارەبایی ئوتۆمبێلەکە بوو. جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە.”
ئەمە دووەمین حاڵەتی سووتانی هۆکاری گواستنەوەیە لەماوەی کەمتر لەمانگێدا، لەچەند رۆژی رابردووش پاسێکی گواستنەوە لەدەڤەری برادۆست گڕی گرت و بەتەواوی سووتا.